کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بەرانبەر به ڕاگەیەندراوەکەی یەکیەتیی ئورووپا دژکردەوەی نیشان دا

13:10 - 17 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە هەمبەر ڕاگەیەندراوەکەی یەکیەتیی ئورووپا، سەبارەت به تاقیکاریی مووشەکە بالێستیکییەکانی ئەم ڕێژیمە، دژکردەوەیان نیشان داوە و ڕایانگەیاندووە هیچمان قەبووڵ نییە و پێشنیارەکان جێبەجێ ناکەین.

یەکیەتیی ئورووپا لە ڕاگەیەندراوەکەی خۆیدا، داوای لە ڕێژیمی ئێران کردبوو، که واز لە بەرنامەی مووشەکی و پشتیوانی لە تێرۆریزم لە ناوچەکەدا بێنێت و چیدیکە مافەکانی مرۆڤ پێشێل نەکات.

یەکیەتیی ئورووپا، لە هەمبەر زیادبوونەوەی ئاژاوە و بشێوی لە ناوچەکە و ڕۆڵی ڕێژیمی ئێران لە پشتیوانیکردنی نیزامی و ئابووری و سیاسیی وڵاتانی سووریه و لوبنان نیگەرانیی خۆی دەربڕیبوو.

وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش، لە دژکردەوە به ڕاگەیەندراوەکەی یەکیەتیی ئورووپا، به بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، تاقیکارییە مووشەکییەکانی به کارێکی بەرگریکارانە ناو بردووە و باسکردن لەسەر ئەو بابەتەی قەبووڵ نەکردووە.

ڕێژیمی ئێران هەروەها پشتیوانی لە تێرۆریزمی به درۆ ناو بردووە و پێشێلکردنی مافی مرۆڤی ڕەت کردووەتەوە و هەروەها ئاژاوەنانەوە لە ئورووپای بەبێ بنەما ناو بردووە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕاگەیەندراوەکەی خۆیدا، لە هەوڵێکی چەواشەکارانەدا، بەرپرسایەتی ئاژاوەنانەوە و بشێوییەکانی نێو خاکی ئورووپای لەسەر شانی مۆرەکان و دەزگا سیخوڕییەکانی خۆی لابردووە و به هۆی ئەنجامدرانی کردەوە تێرۆریستییەکان لە ئورووپادا، بەرپرسانی ئورووپایی بە بەرپرسیار و تاوانبار زانیوە و باسی لەوە کردووە، که کردەوەی چل ساڵەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پیشاندەری جیدیبوون لە گەشەی مافی مرۆڤ و ئەنجامدانی ڕێککەوتنە نێونەتەوەییەکان بووە.

 باسکردن لەو بابەتانه لە نێو ڕاگەیەندراوەکەی ڕێژیمی ئێراندا، لە حاڵێکدایە هەموو وڵاتانی دنیا ئەم ڕێژیمه به سەرچاوەی بشێوی و هەروەها هەڕەشە بۆ سەر جیهان دەزانن؛ لە لایەکی تریشەوە چاوخشاندنێک بە سەر ئاماری زیندانییانی سیاسی و چالاکانی مافی مرۆڤ و زیندانییانی دیکەدا، دەیسەلمێنێت کە نەک تەنیا ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ئەم چل ساڵەدا هەوڵێکی بۆ جێگیرکردنی مافی مرۆڤ نەداوە، بەڵکوو بەپێچەوانه بەردەوام لە حالێ پێشیڵکردنیدا بووە.