کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بەرانبەر بە جامانە و هەوری هەستیار بووەتەوە

17:41 - 15 بەفرانبار 2720

ئەماکنی ڕێژیمی ئێران لە سەقز بە دووکاندارانی ئەو شارەی ڕاگەیاندووە کە لەوە بەدواوە مافیان نییە هەوری و جامانە بفرۆشن.

بەپێی زانیارییگەلێک کە لە سەقزەوە بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" گەیشتووە، ئەماکنی ڕێژیم لەو شارەدا چووەتە دووکانەکانی پارچەفرۆشی و پێیانی وتووە کە لەوە بەدواوە مافیان نییە پارچەی "جامانە" و "هەوری" چ بە شێوازی وردەفرۆشی و چ بە شێوازی کۆ بفرۆشن.

ئەوان بە دووکاندارانیان وتووە کە ئەو پارچانە بیرۆکەی سیاسیی لە پشتە و بۆیان نییە تەنانەت لەبەر مانکەنەکانی بکەن.

هەروەها بە شێوەی فەرمی بە دووکاندارەکانیان ڕاگەیاندووە کە هەرکەس لەوەبەدواوە وڵامیان نەداتەوە دووکانەکەی پلۆمپ دەکەن.

سەقز لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی هاوسنووربوونی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هەروەها هاتنی هەندێک بازرگانی نوێ کە لە وڵاتانی وەک دوبەی و چین و وڵاتانی دیکەوە پارچە دەهێنن، بووەتە جەمسەرێکی گەورە بۆ پارچە کە تەنانەت لە شارەکانی دیکەی ئێرانیشەوە بۆ کڕینی پارچە ڕوو تێ دەکرێت.

لەم چەند ساڵەی دواییدا زیاتر لە جاران جامانە و هەوری وەکوو سیمبولی پێشمەرگە و ڕاسان زەق کراوەتەوە و ڕێژیم دەیهەوێت پێش بە بەربڵاویی ئەو سیمبولە لەنێو خەڵکدا بگرێت.