کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بەرجام پێشێل دەکات

18:29 - 18 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران بە ڕاگرتنی هەوڵەکانی لە پێناو بەڕێوەبردنی بەرجامدا، بەشێک لە بەندەکانی ئەم ڕێکەوتننامەیە پێشیل دەکات.

شۆرای باڵای ئەمنییەتی میللیی ڕێژیمی ئێران، ئەمڕۆ ١٨ی بانەمەڕ، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند: "ڕێژیمی ئێران، ئەمڕۆ ١٨ی بانەمەڕ، بەشێک لە هەوڵەکانی خۆی بۆ پاراستنی ئەمنییەت و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە و چەسپاندنی مافەکانی خۆی بەپێی بەندەکانی ٢٦ و٣٦ی ئەو ڕێککەوتنە، ڕادەگرێت".

هەروەها لە بەشێکی دیکە لەو بەیانییەدا، باس لەوە کراوە کە ڕێژیمی ئێران، بەنیسبەت ڕەچاوکردنی سنوورداربوونی ڕاگرتنی پاشەکەوتەکانی ئۆرانیۆمی پیتاندراو و ئاوی قورسدا خۆی بە ئەرکدار نابینێت و بە پێویستی نازانێت.

هەر لەو پێوەندییەدا، شۆرای باڵای ئەمنییەتی میللیی ڕێژیم، مۆڵەتێکی ٦٠ ڕۆژەی سەبارەت بە کردەوەیی‌کردنی بەڵێنییەکانی وڵاتانی دیکە، لە بواری بانکی و نەوتییەوە لەو ڕێککەوتننامەدا داناوە و وتوویەتی: "ئەگەر جیبەجێی نەکەن و داواکارییەکانی ئیران دەستەبەر نەکەن، ڕەچاوکردنی سنوورداربوونی ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم و مۆدێڕنکردنەوەی ڕێئاکتۆرەکانی ئاوی قورسی ئەراکیش ڕادەگرن."

ڕیککەوتننامەی ناوکی، ڕێژەی ڕێگەپێدراوی پیتاندنی ئۆرانیۆمی ٣.٦٧ لەسەد دیاری کردووە کە پیتاندنی ئۆرانیۆم زیاتر لە ئاستی دیاریکراو، بە واتای چوونەدەرەوەی یەکجاریی ئێران لە بەرجام دێتە هەژمار.