کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بەردەوام خەریکی هێرشە ئاژاوەگێڕیەکانیەتی

11:30 - 8 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەپێی بەڵگە نوێیەکان، ڕێژیمی ئێران دەستی لە هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی بەحرەین لە عێراق  و  دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستاندا هەبووە.

بەپێی هەواڵێک کە لە ڕۆژنامەی "والستریت ژۆرناڵ" بڵاو کراوەتەوە، بەرپرسانی ئامریکایی بەو ئاکامەوە گەیشتوون کە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستان لە مانگی ڕابردوودا، لە خاکی عێراق و لە لایەن گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە، ئەنجام دراوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی جۆزەردان، بەرپرسانی عەرەبستان ڕایانگەیاند کە هێرش کراوەتە سەر هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت لە ڕۆژاواوە بۆ ڕۆژهەڵاتی عەرەبستان، کە بە "پترۆلاین" ناسراوە.

هەر لەم ڕاستایەدا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٦ی پووشپەڕ، ئەندامان و لایەنگرانی حەشدی شەعبی، کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانەی بەحرەین لە عێراق و ئاڵای ئەم وڵاتەیان هێنایە خوارەوە. بەڵگەکان وا نیشانی دەدەن کە ئەم هێرشە پێشتر ئامادەکاریی بۆ کراوە.

هەوڵە ئاژاوەگێڕانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لەم دوو مانگەی ڕابردوودا فراوانتر بووە و ڕێژیمی ئیسلامی دەیهەوێت لەم ڕێگایانەوە هەڕەشە لە وڵاتانی دژبەری خۆی لە ڕاستای درێژکردنەوەی دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکەی بکات.