کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بەردەوام میلیشیا چەکدارەکانی خۆی لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە له عێراق بە دژی هێزەکانی ئەمریکا هان دەدات.
ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئیسلامیی ئێران لە ڕێگای گرووپ و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی خۆیەوە لە عێراق پرۆژە یاسای دەرکردنی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا دەداتە پارلەمانی ئەو وڵاتە و هەڕەشەی هێرشی تێرۆریستی بۆ سەر بنکە و بارەگا سیاسی و سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراقدا دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی عێراق، پارلەمانتارانی هاوپەیمانیی سائروون لە پارلەمانی عێراق، داوای پێداچوونەوە بە ڕێککەوتننامەی ساڵی ۲۰۱۰ی زایینیی نێوان عێراق و ئەمریکا و چوونە دەرەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتی عێراقدا دەکەن.
ئەسعەد عەبدولسادە، پارلەمانتاری هاوپەیمانیی سائروون لە پارلەمانی کابینەی نوێی دوڵەتی عێراق، لەمبارەیەوە ڕایگەیاند؛ "هیچ وادە و بیانوویەک بۆ دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لەو ڕێککەوتننامەیەدا نەماوەتەوە، بۆیە پێویستە ئەو ڕێککەوتننامەیە پێداچوونەوەی پێدا بکرێت و لە ماوەیەکی کورت و نزیکدا ئەو هێزانە لە عێراق بچنە دەرەوە".
هەر لەم پەیوەندییەدا گرووپەکانی ناو ڕێکخراوەی تێرۆریستی حەشدی شەعبیی سەربە ڕێژیمی ئێران هەڕەشە لە جێگیربوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا دەکەن، "محەمە بەیاتی" بەرپرسی لقی کەرکووکی گرووپی "بەدر"ـی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند؛ ئێمە پێمان قبووڵ ناکرێت هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق جێگیر ببن.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی: "بەهەموو شێوەیەک جێگیربوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ڕەت دەکەینەوە، دەستوور، خەڵک و سەرکردە سیاسییەکانی عێراق هەمووان هەمان هەڵوێستمان هەیە، ئێمە دەزانین لە نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران دوژمنایەتی هەیە، یاسا و خەڵکی عێراقیش رێگە بەوە نادەن خاکی عێراق بکرێتە شوێنی ئازاردانی وڵاتانی دراوسێ و هەرگیز ناهێڵین ئەو مەرامەی ئەمریکا بێتە دی. ئەگەر مەرجەع تەقلید بە دژی ئەمریکا فتوا بدات، ئێمە چەک هەڵدەگرین و جیهاد دەکەین".
پێشتریش جەواد تەڵیباوی، وتەبێژی گرووپی عەسایبی ئەهلی حەق لە میلیشیا چەکدارەکانی حەشدی شەعبی، لە بەیاننامەکەیدا بە توندی هەڕەشەی لە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا کردبوو و ڕایگەیاندبوو؛ پێویستە پارلەمانی عێراق هەڵوێستی توندی بەرانبەر هێزە ئەمریکاییەکان هەبێت، ئەگەر حکوومەت و پارلەمان نەتوانن هەڵوێست دژی هێزە ئەمریکاییەکان بنوێنن، ئەوە ئێمە لەو هێزانە دەدەین.
چاوەدێرانی سیاسی پێیان وایە ئەمە هەوڵێکی ژێربەژێری کۆماری ئیسلامییە کە دەیهەوێ بە دنەدانی لایەنە تووندڕەوەکانی سەر بە خۆی لە خاکی عێراق گوشار بۆ ئامریکاییەکان بهێنێت.