کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بەردەوامە لە یارمەتیدانی تێرۆریستان

13:55 - 14 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: سەرەڕای ئەوەی کە خەڵکی ئێران لەوپەڕی هەژاری و چارەڕەشیدا دەژین، ڕێژیمی ئێران یارمەتیی بنەماڵەی گرووپە تێرۆریستییەکان دەدات.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی چین، ڕێژیمی ئێران پێنجشەممەی ڕابردوو، ڕێکەوتی ٩ی جۆزەردان، بە بۆنەی ڕۆژی '' قودس''، بڕی ٦٥١ میلیۆن دۆلار، یارمەتیی ئەو بنەماڵە فەلستینییانەی داوە کە لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیلدا کوژراون.

ڕێژیمی ئێران ئەو پارەیەی، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، لە کۆنفڕانسێک لە باکووری شاری غەزەدا، داوەتە دەست ڕێکخراوی تێرۆریستیی حەماس و جیهادی ئیسلامی، کە بەسەر ئەو بنەماڵە فەلستینییانەی کە بە دژی ئیسرائیل شەڕیان کردووە و کوژراویان هەیە، دابەشی بکەن.

"عەلی شەمخانی"، بەرپرسی شۆرای باڵای ئەمنیەتی میللیی ڕێژیمی ئێران، کە لە ڕێگای پەیوندیی ویدیۆیی لە کۆنفڕانسی غەزەدا بەشداریی کردبوو، وتبووی: "ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، سەرەڕای هەموو گوشارە سیاسی و ئابوورییەکان کە بە سەریدا سەپاوە، لە خۆڕاگریی خەڵکی فەلستین پشتیوانی دەکات و ئەم پشتیوانییە بە ئەرکی شەرعیی خۆی دەزانێت."

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ''مەحموود عەباس''، بەرپرسی تەشکیلاتی خۆدگەردانی فەلستین، مووچە و یارمەتیی بنەماڵەکانی ئەندام لە گرووپی حەماس و جیهادی ئیسلامی، کە لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیلدا کوژراون بڕیوە و پشتیوانیی ماڵییان ناکات.

ڕێژیمی ئێران کە خەڵکی خۆی لەوپەڕی چارەڕەشی و هەژاریدا ژیان بەسەر دەبەن، بڕیارە ١٥٤٠ بنەماڵەی فەلستینی لە لێواری غەزەدا، بێنێتە ژێر پشتیوانیی ماڵی خۆی.

لە سەرەتای ئەمساڵدا، بە هۆی هاتنی لافاو لە شارەکانی کوردستان و ئێراندا، بەتایبەت لە پارێزگاکانی لوڕستان و ئیلام، کە بووە هۆی ماڵوێرانیی خەڵکی ئەو پارێزگایانه، ڕێژیمی ئێران تا ئێستا هیچ هەوڵێکی بۆ یارمەتی بەم خەڵکە لێقەوماوە ئەنجام نەداوە. بەڵام لە یارمەتیدان بە گرووپە تێرۆریستییەکان، درێغیی نەکردووە و بۆ هەوڵە تێکدەرانەکان و پێلانەکانی لە ناوچەکەدا، هەموو سەروەت و سامانی وڵاتی تاڵان کردووە.