کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بەرهەمی وەرزێڕان بە هەرزانتر دەکڕێتەوە

12:21 - 14 خەرمانان 2720

وەرزێڕان لە کوردستان و ئێران سەرەڕای ئەوەیکە زەحمەتێکی زۆر دەکێشن هەتا بەرهەمەکانیان پێبگات، لە کۆتاییدا ڕێژیمی ئێران بەرهەمەکانیان بە هەرزان لێ دەکڕێتەوە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەر کیلۆ نۆک بە ١٠ هەزار تمەن لە وەرزێڕان دەکڕێتەوە، بەڵام کیلۆیەک به ٢٠ هەزار تمەن لە بازاڕدا بە خەڵکی دەفرۆشێتەوە.

نرخی نۆک ئەمساڵ کیلۆیەک ٦ هەزار تمەن بەرز بووەتەوە و بنەماڵە کەمداهاتەکان توانای کڕینی نۆکیان نییە.

لەلایەکی دیکەوە "محەممەدڕەزا کەلامی" سەرۆکی ستادی تەنزیمی بازاڕ وتوویەتی، نۆک لە ڕادەی پێویست بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام هاوردەکردنی نۆک لە ئێران ٩٠ لەسەدە و ئەوەش هەموو دەکرێتە لەپە.

جیا لەوەیکە نۆک لە بازاڕدا گران بووە، باقلە و نیسک هەتا ئاستێک گران بووە کە خەڵک توانای کڕینیان نەماوە.

جیا لە نۆک پێشتریش دانەوێڵەکانی دیکە بە بڕیاری ڕێژیم گران کرا، بۆ نموونە: "نیسک ١١١ لەسەد، چایی بیانی ٧٧ لەسەد، برنجی ئێرانی ٢١.٤ لەسەد، برنجی بیانی ٣٤ لەسەد، پیواز ٣٩.١ لەسەد، گۆشتی گوێرەکە ١٠.٤، مۆز ٣٤.١ لەسەد و باقلە ٦٠.٢ لەسەد".

سەرەڕای ئەوەی کە ئابووریی ڕێژیمی ئێران تووشی داڕمان بووە و گرانی، بێکاری و دەیان قەیرانی تر باڵی بەسەر وڵاتی ئێراندا کێشاوە، بەهای خواردەمەنییە سەرەتایییەکانیش ڕۆژبەڕۆژ ڕووی لە هەڵکشانە.

 جیا لەوەی بەرپرسانی ڕێژیمی دەسەڵاتدار بەسەر ئێراندا پەرە بە گرانی و هەڵکشانی بەهای بازاڕەکان دەدەن، لە ڕاستیدا ڕێژیم توانای چارەسەرکردنی سەرجەم قەیرانە نێوخۆییەکان و بەتایبەت گرانی و هەڵکشانی بەهای بازاڕەکانی نییە.