کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بەمەبەستی بە تورککردنی ناوچەی نەغەدە گوشاری بۆ کوردەکانی ئەو ناوچەیە هێناوە

19:24 - 11 جۆزەردان 2721

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چەندین کەسی سەر بە سپای پاسدران بە هاوکاریی ئیدارەی تۆمارکردنی بەڵگەنامەکان و هاوکاریی ئیتلاعاتی سپای پاسدران لە شاری نەغەدە بەمەبەستی بە تورککردنی نەغەدە گوشاریان بۆ خەڵکی هەندێک لە گەڕەکە کوردەکانی ئەو شارە هێناوە کە دەبێ ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و هەروەها دەستیان بەسەر چەندین زەویی وەرزێڕیدا داگرتووە و لە هەوڵی داگیرکردنیدان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار باسی لەوە کردووە، ڕێژیم بەمەبەستی چۆڵکردنی گەڕەکە کوردنشینەکان و نیشتەجێ کردنی تورکەکان پلان دادەڕێژێت و پێشتریش لەو جۆرە کارانەیان لە شاری نەغەدەدا ئەنجام داوە.

بەپێی زانیارییەکان چەندین کەس بە هاوکاریی ئیدارەی تۆمارکردنی بەڵگەنامەکان و ئیتلاعاتی سپای پاسدران، بەڵگەی ساختە بۆ خانووبەرەکان لە گەڕەکەکانی "باڵخچی، حاجی خدر، قادری و گەڕەکی مەیدانی کاویان" و چەندین شوێنی دیکە دروست کردووە و هەڕەشە لە خەڵک دەکەن کە دەبێ ئەو خانووانە چۆڵ بکەن.

ئەو کەسانە بەپێی ئەو بەڵگە ساختە کۆنانەی کە بە هاوکاریی ئیدارەی تۆمارکردنی بەڵگەنامەکان خراوەتە بەر دەستیان، گوشارێکی زۆریان بۆ خەڵک بەتایبەت بۆ بنەماڵەی شەهیدان هێناوە و بۆ بەڕێوەبردنی پلانەکەیان خەڵک بۆ دادگا ڕاپێچ دەکەن.

خەڵکی ئەو گەرەکانە کە بەدوای مافی خۆیان کەوتوون سەرەڕای ئەوەی کە لە ڕەوتی کاروباری دادگا تووشی دەردەسەری و تێچوویەکی زۆر بوونە، داوای بەرتیلیان لێ دەکەن.

ناوی ئەو کەس و ناوەندانەی کە بەدەستی کوردستان میدیا گەیشتووە بریتین لە : ''جەنگجوو، عیشقی، قاسمی، قولیزادە: بەرپرسی بونیادی مەسکەنی نەغەدە کە کەسێکی گەندەڵ و دژبەری کوردە''.

ئەو سەرچاوەیە باس لەوە دەکات کە ئەو کەسانە دەستیان بە سەر زەوینە دێمەکانی نێوان "حەوت کانی و سولتان یەعقووبـ"ـدا گرتووە و دەیانهەوێت داگیری بکەن.

هاوکات بەمەبەستی بە تورککردنی ناوچەی نەغەدە شەهرەکێکیان لەنێوان گوندەکانی ''گۆزەگیران و دزە'' دروست کردووە و خەڵکێکی زۆریان لە شارەکانی وەکوو "عەجەب شێر و ئازەرشەهر" هێناوە و بە بیانووی ئەوەی کە لە پڕۆژەی دروستکردنی توونێلدا کار دەکەن، لەوی نیشتەجێیان کردوون و هەموو خزمەتگوزاری و ئاسانکارییەکیان بۆ ئەنجام دەدرێت.

هەر لەو ڕاستایەدا ناوە کوردییەکانی گەڕەک، شەقام و مەیدانەکانی نێو شاری نەغەدە و شاخەکانی ئەو شارەیان گۆڕیوە و کردوویانن بە تورکی.