کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بەناوی حیزبی دێموکراتەوە ئەزیەت و ئازاری خەڵک دەدات

12:42 - 16 بانەمەڕ 2720

مۆرەکانی ڕێژیمی ئێران بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە گوند و شارەکانی کوردستان هەڕەشە لە خەڵک دەکەن کە ئەمە بووەتە هۆی نیگەرانیی خەڵکی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کەسانێکی نەناسراو و سەر بە ڕێژیم، چوونەتە گوندی "تەنگیسەر"، سەر بە ژاوەرۆی سنە و بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستان هەڕەشەیان لە خەڵک کردووە.

بەپێی زانیارییەکان ئەو کەسە نەناسراوانە کەلوپەلی خەڵک دەدزن و دواتر هەڕەشە لە خاوەنەکانیان دەکەن کە بەدواداچوونی کەلوپەلەکانیان نەکەن.

هەر لەو پێوەندییەدا لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا تاقمێک لە دەست‌وپێوەندییەکانی ڕێژیم لە ورمێ و ناوچەکانی سەر به ورمێ بە ناوی حیزبی دێموکراتەوە، داوای یارمەتییان لە خەڵک کردووە.

لە بۆکان بە هەمان شێوە ڕێژیمی ئێران جاش و بەکرێگیراوەکانی خۆی ڕاسپاردووە هەتا بۆ شەڕ و ئاژاوە کەلوپەلی هاووڵاتییان لە مەزراکان بدزن و دواتر خەڵک بە بیانووی دزی دەسبەسەر بکەن.

دامودەزگاکانی ڕێژیم لە کوردستان لە خۆشەویستیی حیزبی دێموکرات لەنێو خەڵکدا کەڵکی نابەجێ وەردەگرن و مۆرەکانیان بۆ تاڵانکردنی خەڵک دەنێرن.