کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت کۆرۆنا ئامارسازی دەکات

13:37 - 13 بانەمەڕ 2720

ئامارسازیی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت ڕێژەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاشکرا بوو.

ماڵپەڕی ''٣١''  کە ئامارەکانی تایبەت بە کۆرۆنای بە شێوەی نموودار و پلاتفۆرم بڵاو دەکردەوە لە ڕێکەوتی ٧ی بانەمەڕ ئیتر ئاماری کۆرۆنا بڵاو ناکاتەوە.

هۆکاری ئەوەیکە ئەو ماڵپەرە ئاماری کۆرۆنا بە ڕۆژ و بە شێوەی نموودار و پلاتفۆرم بڵاو ناکاتەوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران بە شێوەی سیستماتیک دەست لە ڕەقەمی تووشبووان بە کۆرۆنا وەردەدات.

بەرپرسانی ماڵپەڕی ٣١ باسیان لەوە کردووە، وەزارەتی تەندروستی لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بە شێوەی سیستماتیک ئاماری هەڵەیان بڵاو کردووەتەوە.

بەپێی قسەی بەرپرسانی ئەو ماڵپەرە، سەرجەم ڕێوشوێن و ڕێکارەکان بۆ ئاماری کۆرۆنا بەپێی ڕەوتێکی دیارکراو بەڵام هەڵە ئەنجام دەدرێت و ئەوەش لە هەموو ئێراندا بەڕێوە دەچێت.

بەڕێوەبەرانی ئەو ماڵپەڕە باسیان لەوەش کردووە، ئەگەر هەڵەی سیستماتیکش ڕووی دابێت، ئەوان لەسەر ئەو باوەڕەن کە دەستپێڕاگەیشتن بە نموونەیەکی ڕەفتاری و ئاستی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگاکاندا دەرخەری ئەوەیە ڕێژەی تووشبووان بە کۆرۆنا زۆره.

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، ڕێژیمی ئێران جیا لەوەیکە هەواڵ و زانیارییەکانی لەسەر کۆرۆنا شاردەوە، دواتر ناوەندەکانی تەندروستیش ئیزنیان پێ نەدرا ئاماری تووشبووان بە کۆرۆنا بڵاو بکەنەوە.