کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بەهۆی ڕاگرتنی چالاکییەکانی حیزبوڵڵا هەڕەشەی لە ئاڵمان کرد

13:04 - 13 بانەمەڕ 2720

پاش تەحریمکردنی هەمەلایەنەی چالاکییەکانی حیزبوڵڵا لە ئاڵمان و پشتگیریی وڵاتان لەو بڕیارە، ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی لە وڵاتی ئاڵمان کرد.

ئاڵمان کە پێشتر بەشێک لە چالاکییەکانی گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان، سەر بە ڕێژیمی ئیرانی تەحریم کردبوو، ئێستاکە بەگشتی چالاکیی ئەو ڕێکخراوەی قەدەغە کردووە و سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی بانەمەڕ، دەستی کرد بە دەسبەسەرکردنی ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە لە ئاڵماندا.

ئەو هەوڵەی ئاڵمان بۆ ڕاگرتنی هەمەلایەنەی چالاکییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان، لەلایەن وڵاتانی "عەرەبستانی سەعوودی، ئامریکا و ئیسرائیلـ"ـەوە پشتیوانیی لێکرا.

لە بەرانبەردا وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، هەڕەشەی لە دەوڵەتی ئاڵمان کردووە و وتوویەتی کە دەوڵەتی ئاڵمان دەبێ لەگەڵ لێکەوتە نەرێنییەکانی بڕیارەکەی خۆی بۆ شەڕ لەگەڵ گرووپە تێرۆریستییەکاندا بەرەوڕوو ببێتەوە.

هەروەها ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، ئاڵمان، بە کردەوە داواکارییەکانی ئامریکا و ئیسرائیل بەڕێوە دەبات.

لەلایەکی دیکەشەوە، "سامان نیازی"، جێگری کاروباری نێونەتەوەیی دامەزراوەی نێودەوڵەتیی ئاشتیی جوانی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "وڵاتە سەربەخۆوە ڕۆژئاواییەکان، بەردەوام هەڕەشە لە ناوچەی ڕۆژاوای ئاسیا دەکەن و هەوڵ بۆ تێرۆر و نائارامی دەدەن".

هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران و قسەکانی بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە حاڵێکدایە کە چەندین ساڵە "حیزبوڵڵای لوبنان" وەک گرووپێکی تێرۆریستی ناسێندراوە و چالاکیی تێرۆریستانە لە ئورووپادا بەڕێوە دەبات.

ڕێژیمی ئێران بەهۆی ئەوەی کە بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا دەکەونە مەترسییەوە، پشتیوانی لە وەها گرووپێکی تێرۆریستی دەکات.