کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران جارێکی دیکە هەوڵی داڕشتنی سیاسەت بۆ زۆربوونەوەی حەشیمەت دەدات

17:28 - 14 پووشپەڕ 2720

ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیم لە ڕاپۆرتێکدا خوازیاری زۆرکردنەوەی حەشیمەت بە شێوەی "فەورییەتـ"ـیە.

ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لەهەوڵدایە جارێکی دیکە گەڵاڵەی زۆرکردنەوەی حەشیمەت بباتە مەجلیس و بڕیاری بۆ وەرگرێت.

ئەو گەڵاڵەیە پێشتریش لە مەجلیسەکانی ٩ و ١٠ی ڕێژیمدا هێنرابووە بەر باس و لە کۆتاییدا لە دانیشتنە فەرمییەکانی مەجلیسدا هیچ کات باسی لێوە نەکرا.

لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەی ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیمدا هاتووە کە تێچووەکانی پەیوەندیدار بە زۆربوونەوەی حەشیمەت لە گەڵاڵەگەلێکدا کە لەلایەن نوێنەرانی مەجلیسەوە پێشکەش کراوە، مەزەندە نەکراوە.

"عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، بەردەوام تەکووزیی لەسەر زۆربوونەوەی حەشیمەت لە ئێراندا کردووە و وتوویەتی کە حەشیمەتی دانیشتووانی ئێران دەبێت بگاتە ١٥٠ میلیۆن کەس.

ئەو داخوازییەی خامنەیی لەگەڵ کاردانەوەگەلێکی توند بەرەوڕوو بووەوە و ژمارەیەک لە شرۆڤەکاران بە ئاماژەدان بە کێشەکانی ژینگەیی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، شک و گومانیان لە جێبەجێکردنی ئەو بارەوە دەربڕیوە.

لەلایەکی دیکەوە "عیسا کەلانتەری"، سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگە، پێشتر وتبووی کە بەرنامەکانی گەشەی وڵات "بەسەرداسەپاو"ن و دەفرایەتیی ئاو و خاکی وڵات لەبەرچاو ناگیردرێت.

داخوازیی زۆربوونەوەی حەشیمەت لەلایەن ڕێژیمەوە لەکاتێکدایە کە ڕێژیمی ئێران بە زێدەخوازییەکانی بووەتە هۆکاری بەدیهاتنی کۆمەڵێک قەیران کە خەڵکی ئەو وڵاتەی هەژار کردووە و ڕۆژانە خەڵکانێک بەهۆی هەژارییەوە خۆکوژی دەکەن.