کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران جارێکی دیکە ڕێکەوتننامەی شورای ئەمنییەتی پێشێل کرد

18:27 - 30 گەلاوێژ 2720

سەرەڕای هۆشداریی وڵاتانی ئەندام لە شورای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بەنیسبەت چالاکییە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئیران، ئەو ڕێژیمە دوو مووشەکی دیکەی تاقی کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران؛ ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسداران ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی گەلاوێژ دوو مووشەکی بە ناوەکانی تێرۆریستان "قاسم سلێمانی" و "ئەبوو مەهدی موهەندیس" تاقی کردووەتەوە.

بە وتەی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران ئەم مووشەکانە مەودای ١٤٠٠ کیلۆمێتر دەبڕن و "خاڵپێکـ"ـن " کە توانایی بڕینی سیستەمی دژە مووشەکیان هەیە.

تاقیکردنەوەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران دەست و پێوەندییەکانی ئەو ڕێژیمەی دڵخۆش بە تۆڵەسەندنەوەی قورس کردووە.

ئەم کارەی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدایە، یەکیەتیی ئورووپا بە مەرجێک ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا دەکات کە ئارامیی ناوچەکە نەخاتە مەترسییەوە و دەست لە چالاکییە مووشەکییەکانی هەڵگرێت.

تاقیکردنەوەی مووشەکی ڕێژیمی ئێران لەکاتێکدایە لە ماوەی ڕابردوودا ئیسرائیل و ئیمارات ڕێککەوتنێکیان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە ئەنجام دا کە وەکوو ڕێککەوتنێکی گرینگ ناوی لێ دەبرێت و وڵاتانێک وەکوو ئێران کاردانەوەی نەرێنییان بەرانبەر بەو ڕێککەوتنە نیشان دا.