کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران خاڵێکی دیکەی لە ڕێککەوتننامەی ناوکیی پێشێل کرد

11:50 - 28 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی ڕاگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران بە پاشەکەوتی زیاتر لە ١٣٠ تۆن ئاوی قورس، خاڵیکی دیکەی لە ڕێککەوتننامەی ناوکیی پێشێل کردووە.

ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی خەزەڵوەر، ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران خاڵێکی دیکەی لە ڕێککەوتنی ناوکیی پێشێل کردووە و زیاتر لە ١٣٠ تۆن ئاوی قورسی پاشەکەوت کردووە کە لە دامەزراوەکانی ناوکیی ئەو وڵاتەدا بەکار دەهێندرێت.

ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە ڕاپۆرتی خۆیدا بۆ ئەندامانی "شۆرای حوکام" وتوویەتی: "ئێران ڕێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەر بە ئاژانسی ڕاگەیاند کە پاشەکەوتی ئاوی قورسی لە سنووری ١٣٠ تۆن تێپەڕاندووە".

لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە، ئاژانس لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەزەڵوەردا، دامەزراوەکانی ئاوی قورسی ئێرانی بەسەر کردووە. ئەم دامەزراوانە لە حاڵی چالاکیدان و پاشەکەوتی ئاوی قورس گەیشتووەتە ١٣١.٤ تۆن.

هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ کەمکردنەوەی بەڵێنییەکانی بە ڕێکەوتنی بەرجام، شەپۆلێکی نیگەرانیی لە نێوان وڵاتانی ڕۆژئاواییدا دروست کردووە.

ڕێژیمی ئێران دوو حەوتوو لەمەو پێش، بە زیادکردنی گاز بۆ ئامێرەکانی پیتاندنی ناوکی لە وێستگەی "فۆردۆ"، هەنگاوی چوارەمی بۆ کەمکردنەوەی پێبەندییەکانیان بە ڕێککەوتننامەی ناوکیی ڕاگەیاند.