کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران خراپترین وڵات لە بواری قاچاخی مرۆڤه

12:41 - 9 پووشپەڕ 2718

 کوردستان میدیا: ئامریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ئاشکرای کردووە، کە ڕێژیمی ئێران قاچاخی مرۆڤ دەکات و خراپترین وڵات لەو بوارەیه.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی،  وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە ڕاپۆرتی  ساڵانەی خۆیدا ئاشکرای کردووە؛ ڕێژیمی ئێران قاچاخی مرۆڤ دەکات و خراپترین وڵات لە جیهاندا لەو بوارەیه.

لەو ڕاپۆرتەدا وڵاتانی جیهان لە بواری قاچاخی مرۆڤ بە سێ بەش دابەش کراون، کە وڵاتانی دەستەی سێهەم خراپترین وڵاتانی جیهان لە بواری قاچاخی مرۆڤن و ڕێژیمی ئێران لە دەستەی سێهەمدا هەڵکەوتووە.

لە بەشێکی ئەو ڕاپۆرتەدا ئاماژه بەوە کراوە، کە ڕێژیمی ئێران و سپای تێرۆریستی پاسداران به زەبری هەڕەشە، دەسبەسەرکردن و گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی ئەفغانی بۆ وڵاتەکەیان منداڵان و پیاوانی ئەفغانی ناچار دەکەن لە سووریەدا شەڕ بکەن.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، کە ئەو منداڵانە تەمەنیان ١٢ هەتا ١٣ ساڵه، کە لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ سووریە بەڕێ دەکرێن هەتا شەڕ بکەن.

ڕێژیمی ئێران بۆ شەڕ لە سووریه و پشتیوانیی لە ئەسەد هێزەکانی خۆی لە چوارچێوەی "پارێزەرانی حەرم، تیپی فاتمیوون و لەشکری زەینەبیوون" ڕەوانەی سووریە دەکات.

بە گوێرەی یاسایەک کە لە ساڵی ٢٠٠٠دا لە ئامریکا پەسەند کراوە، ئەو وڵاتانەی کە ناویان بچێتە ناو لیستەی ڕەشی قاچاخی مرۆڤەوە، کۆمەڵێک گەمارۆیان دەخرێتە سەر.

ڕێژیمی ئێران لە بواری قاچاخی ژنان، کچان، منداڵان و کوڕان دەستێکی باڵای هەیە و بەرپرسانی ڕێژیم دانیان بەوە داناوە قاچاخی مرۆڤ لە ئێران بۆ وڵاتانی عەرەبی ئەنجام دەدرێت.

قاچاخی مرۆڤ کە بە بازرگانیی مرۆڤ ناسراوە بە مەبەستی بێگاری و کاری جینسی ئەنجام دەدرێت و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی کار مەزەندەی دەکات، کاری قاچاخی مرۆڤ ساڵانە بڕی ١٥٠ میلیارد دۆلار داهاتی هەیه.