کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران خۆی بۆ "هاوینی گەرم" ئامادە دەکات

12:36 - 24 جۆزەردان 2720

دوایین خاکڕیزی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران سەنگەربەندی لە بەرانبەر خەڵکی ئێرانە کە لە هەوڵدایە بە هەموو هێزەوە بە سەرکوت و خوێنڕشتن پێش بە ڕووخانی دەسەڵاتەکەی بگرێت.

کاربەدەستانی ڕێژیمی تاران کە توانای بەڕێوەبردنی وڵاتیان نییە، بۆ دەرچوون لە کێشە و گرفتەکان سەرجەم نابەڕێوەبەریی خۆیان دەخەنە ئەستۆی خەڵک و دوژمنان بە تێکدەری دۆخی ئابووری و سیاسیی ئێران دەزانن.

"محەممەدباقر نۆبەخت" جێگری سەرکۆماری ڕێژیمی تاران وتوویەتی: ''لە کاتێکدا دوژمنان هاوینێکی گەرمیان بۆ ئێمە پێک هێناوە، بەڵام ئێمە لە هەوڵداین تەحەمولی خەڵک ببەینە سەرەوە هەتا شکست بەو پرۆژەیە بێنین".

ئەو کاربەدەستە پلەبەرزەی ڕێژیمی تاران باسی لە بەرنامە و پرۆژەکان کردووە کە لە داهاتوودا جێبەجێ دەکرێت و دەتوانین دوژمن شکست بدەین.

ڕێژیمی ئێران بەهۆی گوشارەکانی کۆمەڵگای جیهانی و پەراوێزخرانی لە ئاستی جیهاندا تووشی قەیرانێکی جیددی بووە کە خۆیان دان بەوەدا دەنێن کە ئەگەر کێشەکان چارەسەر نەکرێن تووشی ناڕەزایەتیی بەرینی خەڵک لە سەرتاسەری ئێراندا دەبن.

لەو پێوەندییەدا، "مەحموود عەلەوی" وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیمی تاران باسی لەوە کردووە: "ئێمە نەمانهێشت کۆرۆنا ببێتە بابەتێکی ئەمنییەتی و توانیمان سەرکەوتن بەدەست بێنین".

"حەسەن ڕووحانی" سەرکۆماری ڕێژیمی تاران بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیی کۆرۆنا بە ڕاشکاوی باسی لەوە کرد، ئەگەر دابڕگە لە ئێران درێژ بکرێتەوە، لەگەڵ ناڕەزایەتیی ٣٠ ملیۆن خەڵکی برسی بەرەوڕوو دەبنەوە.

میدیاکانی سەر بە ڕێژیم باس لەوە دەکەن، ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندا چەند بەرابەر زیاتر بووە و خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر تەنیا سەرپۆش کراوە و لە داهاتوودا بە شێوەیەکی گەورەتر بەرۆکی دەسەڵات دەگرێتەوە.