کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران خەونی بەتاڵ به بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی پێترۆشیمی دەبینێت

19:00 - 9 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران بەرنامە بۆ دوو قات کردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی پیترۆشیمی دادەڕێژێت.

جێگری وەزیری نەوت و بەرپرسی گشتیی شیرکەتی میللیی پێترۆشیمیی ڕێژیمی ئێران، باس لە زیادکردنی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی بەرهەمە پێترۆشیمییەکان دەکات و ڕایگەیاندووە کە توانایی بەرهەمهێنانی پێترۆشیمیی وڵات ٤٥ میلیۆن تۆنە و ئەم ڕەقەمە هەتا دوو ساڵی دیکە بە ٩١ میلیۆن تۆن و لە ساڵی ١٤٠٣یشدا بە ١٣٠ میلیۆن تۆن دەگات.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لەبارەی داهاتی هەناردەکردنی بەرهەمە پێترۆشیمییەکان وتوویەتی: "ساڵانە بەرهەمە پێترۆشیمییەکان داهاتی ١٧ میلیارد دۆلاریان دەبێت و بەرنامەمان داڕشتووە کە ئەم ڕێژەیە تا ساڵی ١٤٠٠ بە ٢٥ میلیارد دۆلار بگەیەنین."

بە وتەی ناوبراو، لەم ڕێژەیە، بە بڕی ١٢ میلیارد دۆلار هەناردەیان هەبووە، بەڵام لەبارەی داهاتی ساڵی ڕابردوو، هیچ لێدوانێکی نەداوە.

هەر چەندە لەم چەند مانگەی دواییدا شیرکەتی میللیی پێترۆشیمیی ڕێژیم، بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی پەیوەندیداری بەم بوارەی ڕاگرتووە، بەڵام بەپێی ئاماری وەزارەتی پیشە، کانگا و بازرگانیی ڕێژیم، داهاتی هەناردەکردنی ١١ مانگی ڕابردووی بەرهەمە پێترۆشیمییەکان، ٩ میلیارد و ٩٩٤ میلیۆن دۆلار بووە.

دەوڵەتی ئامریکا لە چوارچێوەی دوو دەورەی گەمارۆی ئابووری بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، هەموو چەشنە بازرگانییەکی لەگەڵ ئەم وڵاتە لە لایەن دەوڵەت و وڵاتانی ناوچە و جیهانەوە قەدەغە کردووە.