کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دەیهەوێ هەموو خەڵک کۆرۆنا بگرن

10:22 - 25 رەشەمه 2719

پزیشکێکی سەر بە ڕێژیم لە وتووێژێکی تێلێڤیزیۆنیدا باسی لەوە کردووە کە هەموو خەڵک دەبێ ڤایرۆسی کۆرۆنا بگرن، بەڵام نۆرە بە نۆرە.

"مێهرناز ئەسەدی"، پزیشکێکی سەر بە ڕێژیمی ئێران، لە وتووێژێکی تێلێڤیزیۆنیدا لە کاناڵی یەکی ڕێژیم، لە وڵامی پرسیاری پێشکەشکاری بەرنامەکە کە ئایا بابەتی دابرگەکردن بابەتێکی جیددییە؟ وتوویەتی: "باسی دابڕگەکردن جیددییە و ئێمە و هاوکارانمان لەو باوەڕەداین کە خەڵکی ئێران هەموویان دەبێ ئەو نەخۆشییە بگرن".

هەروەها ئەو پزیشکەی سەر بە ڕێژیم وتوویەتی: "بەهۆی نەبوونی تەختی پێویست لە نەخۆشخانەکاندا پێویست دەکات کارێک بکەین کە هەمووی خەڵک پێکەوە نەیگرێت و بە ٣ یان ٤ قۆناغ نەخۆشییەکە بگرن".

"ئەسەدی"، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتوویەتی، مان و نەمانی خەڵک بە شانس و نێوچاوانی خۆیانە و ڤایرۆس کاری خۆی دەکات.

قسەکانی ئەو پزیشکە دەریدەخات کە ڕێژیمی ئێران هیچ بایەخێک بە گیان و تەندروستیی خەڵکی ئێران نادات و هەروەها توانای کۆنترۆڵکردنی ئەو ڤایرۆسەی نییە.

هەروەها لەلایەکی دیکەشەوە، ڕێژیم بە شێوەی بەرنامە بۆ داڕێژراو، هەوڵ بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو ڤایرۆسە لەنێو خەڵکی ئێراندا دەدات.