کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دان بە دەستێوەردانەکانی خۆی لە ناوچەکەدا دەنێت

13:43 - 14 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیم بەردەوام هەوڵی دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکەدا دەدەن و بەو کارە نکۆڵییەکانی خۆیان لەو بارەدا وەدرۆ دەخەنەوە.

وەزیری بەرگریی ڕێژیمی ئێران، پاسدار "ئەمیر حاتەمی"، لە دانیشتنێکدا لەگەڵ فەرماندەرانی "هێزی دەریایی" و "هەوانیرووزی" ئەرتەشی عێراق، باسی لەوە کردووە: کە ئەگەر هاوکارییەکانی ئێران نەبوایە، وڵاتی عێراق تا ئێستا هەڵوەشابوو.

هەروەها ناوبراو خوازیاری هاوکاری و دانیشتنی سیاسی و نیزامیی زیاتر لە نیوان عێراق و ئێراندا بووە.

ئەم قسانەی پاسدار"حاتەمی"، لە کاتێکدایە کە ڕێژیمی ئێران، خۆی سەرچاوەی ئاژاوەنانەوە و هەڵوەشانەوەی شیرازەی بیر و باوەڕی خەڵکانی ناوچەکە و وڵاتانی دراوسێیە و بەو دانیشتنە و قسەکانی، دەری خستووە کە ڕێژیمی ئێران بەپێچەوانەی نکۆڵیکردن لە کردەوەکانی لە ناوچەکەدا، دانی بە دەستێوەردانە نیزامی و سیاسییەکانی لەو وڵاتانەدا بەتایبەت لە عێراقدا ناوە.

هەروەها فەرماندەری هێزی دەریایی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیم، پاسدار "عەلیڕەزا تەنگسیری"، ڕۆژی پێنجشەممە دیدارێکی لەگەڵ هاوتای عێراقیی خۆی "جاسم ئەلمەعارج" پێک هێنابوو و سەبارەت بە پەرەپێدانی هاوکاری و هاوئاهەنگییان وتووێژیان کردبوو.

ئەم دیدارانە نیشاندەری ئەوەیە، کە ڕێژیمی ئێران سەرەڕای ناڕەزایەتیی وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بەردەوام هەوڵی دەستیوەردان لە وڵاتانی ناوچەکەدا دەدات و بە بێشەرمانەش نکۆڵییان لێ دەکات.