کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دانی بە تێرۆریستبوونی "ئەمیر مەنسوور بوزرگیانی ئەسڵـ"ـدا ناوە

11:27 - 18 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: قەرارگای سایبێری "عەممار"ی ڕێژیمی ئێران، دانی بە تێرۆریسبوونی "ئەمیر مەنسوور بوزرگیانی ئەسڵـ"ـدا ناوە و ڕایگەیاندووە، کە عەلی دایی ڕازێکی گەورە و زانیارییەکی هەستیاری ڕێژیمی ئاشکرا کردووە.

قەرارگای سایبێری عەممار، کە لە کۆمەڵێک لە لایەنگرانی توندڕەوی خامنەیی، کۆمەڵێک لە کەسانی نزیک بە گرووپی ئەنساری حیزبوڵڵای ڕێژیم لە ئێراندا و هەروەها کۆمەڵێک لە کەسانی ئایینی و سیاسیی باڵای باڵی توندڕەوی ڕێژیم پێک هاتووە، لە لاپەڕەی تێلێگرامی فەرمیی خۆیدا، دانی بە تێرۆریستبوونی "ئەمیر مەنسوور بوزرگیانی ئەسڵـ"ـدا ناوە و ڕایاگەیاندووە کە عەلی دایی، بە لابردنی دەمامکی ئەو تێرۆریستە، ڕازێکی گەورە و زانیارییەکی هەستیاری ڕێژیمی ئاشکرا و بڵاو کردووەتەوە.

عەلی دایی، یاریزانی پێشووی تۆپی‌پێی ئێران و ڕاهێنەری تیمی تۆپی‌پێی سایپا، پاش ئەوەی کە بە هۆکاری دەمەقاڵەیەکی نێوان خۆی و بەرپرسی گشتیی کۆمپانیای سایپا و سەرپەرەستی تیمی تۆپی‌پێی سایپا، لەو تیمە دەرکرا، لە پرسێکۆنفڕانسێکی بەرنامەی "نەوەد"ـی تۆپی‌پێی ئێراندا، دەمامکی تێرۆریست ئەمیر مەنسوور بوزرگیانی ئەسڵ، کە بە نێوی نهێنی "مستەفا مودەبێر"ەوە بوو، لابرد و دواتر لە لایەن باڵی بناژۆخوازەکان و توندڕەوەکانی ڕێژیمەوە، لە میدیا و ڕایگەیاندەکان و هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش هێرش کرایە سەر عەلی دایی.

لە بەشێکی نووسراوەی قەرارگای سایبێری "عەممار"ی ڕێژیمدا هاتووە: "عەلی دایی، لەو پرێسکۆنفڕانسەدا نێوی ڕاستیی سەرپەرەستی تیمی تۆپی‌پێی سایپا، کە لە ڕابردوودا بەرپرسیارەتییەکی هەستیاری ئەمنییەتی لە ئەستۆ بوو، ئاشکرا کردووە و بەم کارەشی نهێنی و زانیارییەکی گەورە و هەستیاری وڵاتی لە ڕایگەیاندنەکان بڵاو کردووەتەوە. مستەفا مودەبێر یان سەردار غەفوور، کە پێشتر بەرپرسیارەتی حەراستی گشتیی دەنگوڕەنگ و هەروەها حەراستی شۆرای باڵای ئەمنییەتی میللیی لە ئەستۆ بوو، مەئمووریەتگەلێکی گرینگیشی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران ئەنجام داوە".

ئەمیر مەنسوور بوزرگیانی ئەسڵ، ئەندامی سەرەکیی تیمی تێرۆریستیی ڕێژیمی ئێران، لە ساڵی ۱۳۶۸ی هەتاوی، لە وڵاتی ئوتریش بوو کە بە ناوی دیپلۆماتکارانی ڕێژیم بۆ وتووێژ لەسەر پرسی کورد لەگەڵ ڕێبەرانی کورد بە سەرپەرەستیی دوکتور قاسملوو، لە شاری ڤییەن لە لایەن ڕێژیمەوە نێردرابوو، کە ئەو تیمە لە ڕاستیدا تیمێکی تێرۆریستی بوون و لە لایەن ڕێژیمەوە ئەرکی تێرۆرکردنی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیەکانیانیان ‌پێ سپێردرابوو.

سەرەڕای ئەوەی زۆر بەڵگەی سەلمێنەری ئەو تێرۆر ڕوون و ئاشکرا کران و دواتر حکوومەتی ئەو کاتی ئوتریش بە هۆی پەیوەندی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا، تێرۆریستیانی ڕێبەرانی کوردی ڕادەستی ڕێژیم کردەوە، ڕێژیم تاکوو ئێستا بە فەرمی دانی بەو کردەوە تێرۆرێستییەدا نەنابوو، بەڵام ئەمجارەیان قەرارگای سایبێری عەمماری ڕێژیم دانی پێدا ناوە.

لە ۲۲ی پووشپەڕی ساڵی ۱۳۶۸ی هەتاوی، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری ئەوکاتی حیزبی دێموکرات و ڕێبەری نەتەوەی کورد، لەگەڵ هاوڕێ عەبدوڵڵا قادری ئازەر، نوێنەری حیزب لە وڵاتی ئۆتریش و دوکتور فازڵ ڕەسووڵ خەڵکی باشووری کوردستان و دۆستی حیزب و خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بە مەبەستی چارەسەریی ئاشتییانەی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر میزی وتووێژ لەگەڵ دیپلۆمات تێروریستەکانی ڕێژیمی ئێران بە سەرپەرەستیی محەمەدجەواد سەحراڕوودی و ئەمیر مەنسوور بوزرگیانی ئەسڵ و ....دانیشتبوون، تێرۆر کران و پەیوەست بە کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدانی کورد و کوردستان بوون.