کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دانی بە کشانەوەی لە سووریەدا ناوە

12:49 - 5 جۆزەردان 2720

بەرپرسێکی باڵای ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە: "باش لەوەدا بووە کە ئێمە لە سووریە بڕۆینە دەرەوە" و ئەمە دانپێدانانێکی ئاشکرا بە کشانەوەی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتەیە.

"عەلی شەمخانی"، سەرۆکی باڵای شورای تەناهیی ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاندووە کە وامان بەباش زانیوە کە لە سووریە بڕۆینە دەرەوە، لەبەر بەرژەوەندیی خەڵکی ئێران و خەڵکی سووریە.

ئەم قسانەی "شەمخانی" لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران و هێزە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بەو ڕێژیمە لە سووریە، لەژێر گوشاری هێرشەکانی ئیسرائیلدان.

هەروەها کوژرانی پاسداری تێرۆریست "قاسم سلێمانی" لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە کاریگەرییەکی بەرچاوی لە تێکچوونی شیرازەی ڕێکخستنەکانی ئەو هێزە میلیشیا چەکدارانە لە خاکی سووریەدا هەبووە.

لەلایەکی دیکەشەوە "بێنیامین نێتانیاهوو"، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ئاخاوتنێک لە کاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی نوێی ئیسرائیل وتبووی کە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ حوزووری نیزامیی ڕێژیمی ئێران لە سووریە و پێشگرتن بە بەرنامە ناوکی و مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران، لە بنەماکانی سیاسەتی ئیسرائیلە.

هەروەها لە پلنیۆمی ١١ و ١٧ی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ڕاپۆرتی سیاسیی پێلێنیۆمدا باس لەوە کرابوو کە ڕێژیمی ئێران بەهۆی جیاوازیی بەرژەوەندیی ستراتێژیی لەگەڵ ڕووسیە، ناچار بە کشانەوە لە سووریە دەبێت.