کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دانی بەوەدا ناوە کە هێرشی سایبێرییان کراوەتە سەر

13:02 - 3 گەلاوێژ 2720

''عەباس موسەوی'' وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەندین هێرشی سایبێری کراوەتە سەر ژێرخانەکانی ئێران.

لە ماوەی ڕابردوودا زنجیرە تەقینەوەیەکی گوماناوی لە شارەکانی ئێران، لە وزەخانە، کارخانە و شوێنە گشتییەکاندا هاتنە ئاراوە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هەوڵێکی زۆریان دا کە ئەم ڕووداوانە کەمڕەنگ نیشان بدەن.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین هێرشی سایبێریی بەربڵاو کراوەتە سەر ژێرخانەکانی ئێران کە بە سەرنجدان بە تێکنۆلۆژیی بەکارهێنراو و لایەنەکانی ئەو هێرشانە، وێدەچێت کە پشتیوانیی وڵاتانی لە پشتەوە بووە.

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە هێرشەکان ئامانجی خۆیان نەپێکاوە و ئەو دەوڵەتانەی کە پشتیوانی و بەڕێوەبەریی ئەو هێرشانەیان کردووە، دەستنیشان کراون.

هەر لەو پەیوەندییە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕۆژنامەی ''نیۆیۆرک تایمز'' لە ڕاپۆرتێکدا بەنیسبەت تەقینەوە لە دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز نووسیبووی، ئەم ڕووداوە بەرنامە ئەتۆمییەکانی ڕێژیمی ئێران هەتا دوو ساڵ وەدوا دەخات.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران سەرەتا لە هەوڵدا بوون کە ئەم ڕووداوانە بچوک و کەمڕەنگ نیشان بدەن، بەڵام میدیا جیهانی و کارناسان ئاشکرایان کرد کە ئەم تەقینەوانە لەلایەن ئیسرائیلەوە بووە و خەسارێکی زۆری بە دامەزراوە و شوێنە گرینگەکانی ڕێژیمی ئێران گەیاندووە.