کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران داوا لە خەڵک دەکات نەورۆز بە سادەیی بەڕێوە ببەن

12:25 - 20 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەلەکان لە ئێران و کوردستاندا، ڕێژیمی ئێران پڕوپاگەندەی ئەوە دەکات کە خەڵک بۆ جێژنی نەورۆز خەرجی زۆر نەکەن.

لە بەرەبەری جێژنی نەورۆز و هاتنی سەری ساڵی تازەدا، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران داوا لە خەڵک دەکەن هەتا دەتوانن خۆیان لە خەرجی زۆر بپارێزن و لەبیری هەژارانیشدا ببن، چونکە ئەوان توانای کڕینیان نییە.

لەو پێوەندییەدا، ڕێژیم لە هەندێک لە شارەکانی ئێران و کوردستاندا بە دانانی بنێر و نووسراوە داوا لە خەڵک دەکات کە لە نەورۆزدا لەبیری خەڵکی هەژاردابن و خەرجی زۆر نەکەن. هەروەها لە میدیاکاندا بەردەوام پڕوپاگەندە بۆ ئەوە دەکات کە خەڵک بەهۆی گرانییەوە خۆ لە کڕینی میوە و خواردەمەنیی دیکە بپارێزن و بەم شێوەیە لەبیری هەژارانیشدا بن.

هەموو ساڵێک و ئەمساڵ بە تایبەتی؛ بە هۆی ئەوەیکە دۆخی ئابووریی ڕێژیم زۆر نالەبار و شێواوە، ڕێژیم هەوڵ دەدات بازاڕ کۆنتڕۆڵ بکات. نەک هەر نەیتوانیوە ئەو کارە ئەنجام بدات، بەڵکوو نرخی خۆراک لە ئێراندا بەردەوام ڕوو لە بەرزبوونەوە دایە.

هاوکات بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران باس لەوە دەکەن، کە بۆ نەورۆز بە شێوەی پێویست و لە ئاستی توانای خەڵکدا خواردەمەنی لە بازاڕەکاندا دابین دەکەن، بەڵام ئەوە تەنیا دروشمێکە و هیچ هەنگاوێک لە ڕاستای بە کردەیی کردنی ئەم قسانەیان هەڵنەگیراوە.

دۆخی شپرزی ئابووریی لە ئێراندا گەیشتووەتەوە ئاستێک کە بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە خۆیان دان بەوە دا بنێن کە لە ئاست کۆنتڕۆڵکردنی وڵاتدا دۆشداماون.