کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران داوای لە ئورووپا کردووە نێوبژیوانی بۆ گەڕانەوەی ئامریکا بۆ بەرجام بکات

12:55 - 14 رێبەندان 2720

دوای قسەکانی ''ئانتۆنی بلینکێن'' وەزیری دەرەوەی ئامریکا لەبارەی ڕێکەوتنی بەرجام، ڕێژیمی ئێران ڕۆژی دووشەممە ١٣ی بەفرانبار پێشنیاری داوە کە ئەگەر ئامریکا بە نێوبژیوانی ئورووپا بگەڕێتەوە بۆ ڕێکەوتنی بەرجام، "تارانـ"ـیش لە دڕێژەدان بە پێشێلکارییەکانی دەکشێتەوە.

''محەممەد جەواد زەریف'' وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە وتوویژ لەگەڵ کاناڵی ''سی ئێن ئێن'' وتوویەتی، یەکیەتیی ئورووپا دەتوانێت ڕۆڵی نێوبژیوان لە نێوان ئێران و ئامریکا لە وتووێژ لەسەر بەرنامەی ناوکی بگێڕێت.

ناوبراو وتوویەتی، هەوڵەکانی ئێران و ئامریکا بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ناوکیی ساڵی ٢٠١٥ دەکرێت هاوکات و لەگەڵ نێوبژیوانیی ئورووپا بەڕێوە بچن.

''زەریف'' باسی لەوە کردووە کە پیتاندنی ئۆرانیۆم لە ئاستێکی باڵادا لە کەمتر یەک ڕۆژدا دەتوانێت ڕابگیرێت بە مەرجێک کە ئامریکا ئەو گەمارۆیانەی کە لەلایەن ''ترامپـ''ـەوە لەسەر ئێران دانراون، لاببات و بگەڕێتەوە بۆ ڕێکەوتنی ناوکی.

لەلایەکی دیکەوە ''سەعید خەتیب‌زداە'' وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە وتووێژێکی ڕۆژنامەوانیدا هەر چەشنە وتووێژێکی لەسەر ڕێکەوتنی ناوکی بە درۆ خستەوە و جەختی کردووەتەوە کە وتووێژی دوولایەنەی لەگەڵ "واشنتۆن" ئەنجام نەداوە.

دەوڵەتی ''جۆ بایدن'' وتوویەتی، ئەگەر ئێران پابەندی بەڵێنییەکان بێت بە نیازە بگەڕێتەوە بۆ ڕێکەوتنی ناوکی کە ''ترامپ'' ساڵی ٢٠١٨ لێ هاتبووه دەرەوە.