کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران داوای لە چین و ڕووسیە کردووە کە پێش بە درێژکردنەوەی گەمارۆوە چەکوچۆڵییەکان بگرن

12:32 - 31 جۆزەردان 2720

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆوە چەکوچۆڵییەکانی ڕێژیمی ئێران لە شورای ئەمنییەت و هەوڵی ئامریکا بۆ درێژکردنەوەی ئەم گەمارۆیانە، "حەسەن ڕووحانی" داوای لە وڵاتانی چین و ڕووسیە کردووە لە بەرامبەر ئامریکادا ڕابووەستن.

سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: ''لە چوار ئەندامی هەمیشەیی شورای ئەمنییەت بەتایبەت دوو وڵاتی ڕووسیە و چین چاوەڕوانیمان هەیە بەهۆی بەرژەوەندییەک کە لە ڕێککەوتنی بەرجامدا هەیە لە بەرامبەر ئامریکادا ڕابووەستن".

لەو پەیوەندییەدا وەزیرانی دەرەوەی بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان، ڕۆژی هەینی ٣٠ی جۆزەردان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک سەرەڕای پێبەندیی ئەم وڵاتانە بە بەرجام خوازیاری ئەوەن کە گەمارۆوە چەکۆچۆڵییەکان و تێکنۆلۆژیی دروستکردنی مووشک بۆ ئێران هەتا ساڵی ٢٠٢٣ درێژ بکرێتەوە.

بەپێی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شورای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کڕین و فرۆشتنی چەکوچۆڵ لەگەڵ ئێران بۆ ماوەی ٥ ساڵ قەدەغە کراوە، ئەم گەمارۆیانە مانگی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠٢٠ کۆتایی پێ دێت.

ڕێژیمی ئێران لە هەوڵدایە کە لە ڕێگای وڵاتانی ڕووسیە و چین کە مافی وێتۆیان هەیە، گەمارۆوە چەکوچۆڵییەکان چیدیکە درێژ نەکرێتەوە و دەستی بە چەکوچۆلی پێشکەوتوو ڕابگات.

بەڵام ئامریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە  شورای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێ پێش ئەوەیکە توندوتیژی لە ئێران زیاتر بێت و کێبڕکێی نوێی چەکوچۆڵ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێتە ئاراوە و ناوچەکە ناسەقامگیر بێت، گەمارۆوە چەکوچۆڵییەکانی سەر ئێران درێژ بکاتەوە.