کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دوور لە ئاشتیی جیهانییە

12:30 - 23 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: دامەزراوەی نێونەتەوەییی ئاشتی و ئابووری لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆی لە پێوەری ئاشتیی جیهانیدا ڕایگەیاند، کە ڕێژیمی ئێران دابەزینێکی ٩ پلەیی هەبووە.

بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوەی نێونەتەوەییی ئاشتی و ئابووری، کە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی جۆزەردان، بڵاو کرایەوە، ڕێژیمی ئێران بە دوای نیکاراگۆوا، بورکینا فاسۆ و زیمبابوە، لە پلەی پێوەری ئاشتیی جیهانیدا، زۆرترین دابەزینی هەبووە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: پلەی ڕێژیمی ئێران لە ساڵەکانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ لە پێوەری ئاشتیی جیهانیدا دابەزیوە و لە ساڵی ڕابردوودا لە نیوان ١٦٣ وڵاتدا لە پلەی ١٣٩ و لە دۆخی نارنجیدا جێی گرتووە.

ئەم ڕاپۆرتە لە بواری پێوەری ئاشتیدا، وڵاتانی بەسەر چوار بەش بە ڕەنگەکانی: "سەوز، زەرد، نارنجی و سوور"، دابەش کردووە.

 دامەزراوەی نێونەتەوەییی ئاشتی و ئابووری، چەندین پێوەر لە بەرچاو دەگڕێت، کە یەک لەوانە ناکۆکی و گرژییە دەرەکییەکانە، کە ڕێژیمی ئێران لەم بوارەدا بە نیسبەت وڵاتانی جیهان زۆرترین دابەزینی هەبووە و هۆکاری سەرەکیی ئەم دابەزینە دەستێوەردان و بەشداریی ئەو وڵاتە لە شەڕی سووریەدا بووە.

هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: ڕێژیمی ئێران لە گرووپە میلیشیا چەکدارەکان لە یەمەن و عێراق پشتیوانی دەکات و پێکهێنانی شەڕی نیابەتی بووەتە هۆی ئەوەی کە ناکۆکییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئامریکا و عەرەبستان و ئیسرائیل پەرە پێ بدات.

بەپێێ لێکدانەوی ئەو دامەزراوەیە، هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام و وەگەڕخستنەوەی گەمارۆوەکان بۆ سەر ئەم ڕێژیمە، سەقامگیریی ئابووریی لە مەترسی خستووە و ئەگەری خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی خەڵک پەرەی سەندووە.

هەروەها ئەو دامەزراوەیە باسی لەوە کردووە، بە هۆی ئەوەی کە ئامریکا، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانی خستە نێو گرووپە تێرۆریسییەکانەوە، چاوەروانی دەکرێت کە ناکۆکییەکانی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ جیهانی دەروە بەرەو خراپی بڕوات.

لە ڕۆژهەلاتی نێوەڕاست ڕێژیمی ئێران، زۆرترین دابەزینی لە بواری پێوەرەکانی ئاشتیدا هەبووە و لە پلەی یەکەمدایە و دوای ڕیژیمی ئێران یەمەن لە پلەی دووهەمدایە.