کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دووەمین وڵاتی جیهانە لە ئێعدام کردندا

18:30 - 2 بانەمەڕ 2720

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە سزای ئێعدام لە جیهان لە ساڵی ٢٠١٩دا ڕایگەیاندووە کە پاش چین، ئێران زیاترین ئاماری ئێعدامکردنی خەڵکی هەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی کە ڕۆژی سێشەممە ٢ی بانەمەڕ بڵاو کرایەوە، لە ساڵی ٢٠١٩دا، "چین" هەزاران کەس، "ئێران" ٢٥١ کەس، "عەرەبستانی سەعوودی" ١٨٤ کەس، "عێراق" لانیکەم ١٠٠ کەس و "میسر"یش لانیکەم ٣٢ کەسیان ئێعدام کردووە.

ئەو ٥ وڵاتە وڵاتگەلێکن کە زیاترین ئێعدامەکان تێیدا بەڕێوە چووە کە لە نێوانیاندا چین پلەی یەکەم و بە دوای چینیش ئێران پلەی دووەمی هەیە.

لێبووردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی ٢٠١٩دا ژمارەی ئێعدامەکان کەم بووەتەوە و بووە بە ٦٥٧ کەس، بەڵام ئەو وڵاتانە پێچەوانەی ڕەوتی جیهانیی کەمبوونەوەی ئێعدامەکان دەجووڵێنەوە.

هەروەها ئەو ڕێکخراوەیە باسی لەوە کردووە کە لە ساڵی ١٩٩٠ی زایینییەوە تا ئێستا بەرپرسی بە تەنها ٩٧ حاڵەتی ئێعدامی منداڵانی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ لە جیهاندایە کە بەرانبەر بە ٢ لەسەر ٣ی کۆی گشتیی ئەو چەشنە ئێعدامانەیە.

لێبووردنی نێودەوڵەتی دەریخستووە کە ١ لەسەر ٣ی "ئێعدامە تۆمارکراوەکان لە جیهان" لە ساڵی ٢٠١٨ کە لە کۆی گشتیدا ٢٥٣ حاڵەتە، لە ئێراندا بەڕێوە چووە.

لە هەمان حاڵدا ئاماری ئێعدامەکانی ڕێژیمی ئێران زیاتر لەو ژمارانەیە کە ڕاگەیەندراوە، چونکە ئەو ڕێژیمە ئامارە ڕاستییەکان دەر ناخات.

هەروەها ئەو ئامارانە ئێعدامەکانی وڵاتی چینی لەسەر حیساب ناکرێت، چونکە چین ئاماری ئێعدامەکانی خۆی ڕاناگەیەنێت.