کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دژکردەوەی بە پەیامی باڵوێزخانەی ئامریکا نیشان دا

13:23 - 8 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە نیسبەت ئاشکراکردنی سەروت و سامانی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران دژکردەوەی نیشان دا و ئیدعای ئەوەیان کرد کە خامنەیی هەژارە.

باڵوێزخانەی ئامریکا لە عێراقدا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٥ی بانەمەڕ، لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆیدا، به باسکردن لە گەندەڵیی ماڵی لە هەموو بوارەکانی سیستمی دەسەڵاتی ئێراندا، بڵاویشی کردەوە، کە خامنەیی بە تەنیا ٢٠٠ میلیارد دۆلار سەروەتی هەیە و ئەوەش لە کاتێکدایە، کە خەڵکی ئەو وڵاتە ماوەی ٤٠ ساڵە لە دۆخێکی نالەبەری ئابووریدا دەژین و ئەوەش نموونەی دەسەڵاتی ئاخوندەکانە.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران باسیان لەوە کردووە، کە باڵوێزخانەی ئامریکا لە هەوڵدایە روخسارێکی ناشیرین لە ڕێبەری نیزام پیشان بدات و لە بەرچاوی خەڵکی ئێران ناشیرینی بکات.

ئەم ڕێژیمە ئەو کارەی باڵوێزخانەی ئامریکای بەو شوبهاندووە، کە ئامریکا لە هەوڵدایە لە نێوان خەڵک و بەرپرساندا جیایی دروست بکات.

هاوکات بۆ شاردنەوەی ئەوە ڕاستییە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران وتوویانە: کە باسکردن لە سەروەتێکی لەم ڕادە دەرخەری ئەوەیه بەرپرسانی ئامریکا هیچ زانیارییەکیان نییه و ئەوەش بۆ ئەوەیە خەڵک بە نیسبەت دەسەڵات دڵسارد بکەنەوە.

دوای ئەم هەواڵە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاوی کردەوە، کە ئەو ئیقدامەی ئامریکا پێشێلکردنی یاسای بنەڕەتیی عێراقە.

ڕێکخراوی بەدر، کە یەکێک لە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانە بە بڵاوکردنەوەی پۆستێر و وێنە داوای کرد ئامریکا لە عێراق بڕواتە دەرەوە.

"عەمار حەکیم"، ڕێبەری گرووپی ئەلحەکمە، کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانە، ئەو ئیقدامە ئامریکای بە بێڕێزیکردن بە ڕێبەری ڕێژیمی ئێران زانیوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، چەند ساڵ لەمەوبەر هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، لە ڕاپۆرتێکد باسی لە سەروەتی ١٠٠ میلیارد دۆلاریی خامنەیی کرد.

پەردەپۆشکردنی سەروەت و سامانی خامنەیی لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە کاتێکدایە کە خامنەیی خۆی جڵەوی هەمووی دەسەڵاتی لە بەردەستدایە و گەورەترین باسکی ئابووریی ئێران، سپای پاسداران، لەژێر دەستی خامنەییدایە.