کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دۆخێکی ئەمنیی بەسەر شارەکانی کوردستاندا زاڵ کردووە

12:31 - 12 بانەمەڕ 2720

ڕێژیمی ئێران کە هەموو قەیرانێک بەرۆکی گرتووەتەوە و هەست بە مەترسییەکی لەڕادەبەدەر دەکات، فەزایەکی ئەمنیی بەسەر شارەکانی کوردستاندا زاڵ کردووە و هەموو جموجۆڵێک کۆنترۆڵ دەکات.

بەپێی زانییارییەکان، هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران لەنێو شاری سەقز بڵاو بوونەتەوە و فەزایەکی پۆلیسییان بەسەر ئەو شارەدا زاڵ کردووە و هەموو جەموجۆلێکی خەڵک کۆنترۆڵ دەکەن.

بەپێچەوانەی جارانی پێشوو، ڕێژیمی ئێران ئەمجارە لە سەقز، بۆ چاوەدێریی زیاتر، لە پۆلیسی ژن و بەسیجیی ژن کەڵک وەردەگرن.

هەروەها هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم هەموو وروودییەکانی سەقزیان کۆنترۆڵ کردووە و هەموو هاتۆچۆیەکی خەڵکیان خستووەتە ژێر چاوەدێرییەوە.

 هەروەها بەپێی زانیارییەکان کەشێکی ئەمنی بەسەر شارەکانی سنە، مەهاباد و بۆکانیش زاڵ بووە. 

ڕێژیمی ئێران کە هیچ ڕەواییەکی لەنێو خەڵکی کوردستاندا نییە و ئەگەری هەر جۆرە ناڕزایەتییەک لەلایەن خەڵکەوە چاوەڕوان دەکات، هەر بۆیە دەیهەوێت لە ڕێگای سەرکوتەوە خۆی بەسەر خەڵکدا زاڵ بکات.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ڕێژیمی ئێران بۆ ئەوەی کە کەشێکی تۆقێنەر بەسەر خەڵکی کوردستاندا زاڵ بکات و کەس دەنگی ناڕەزایەتی دەرنەبڕێت، ١٠ هاووڵاتیی کوردی لە کوردستان لەسێدارە داوە و خەڵکێکی زۆری دەسبەسەر کردووە.