کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دیاردە و قەیرانەکان ئاسایی دەکاتەوە

18:23 - 17 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران لە تازەترین هەوڵی خۆیدا بۆ سەپاندنی هەژاری و نەهامەتی بە سەر خەڵکی کوردستاندا، خەریکی ئاسایی کردنەوەی ئەو دیاردە و قەیرانانەیە کە کۆمەڵگای کوردستان و ئێرانی تەنیوە.

هەواڵدەریی حکوومەتیی "ئیرنا" بە بڵاوکردنەوەی چەندین وێنە لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری سنە، زۆر ئاسایی ڕوانیوەتە دیاردەی دەستفرۆشی و هەوڵی ئاسایی نیشاندانی ئەو دیاردەیە لە کۆمەڵگایەکی وەکوو کۆمەڵگای کوردستانی داوە کە لەگەڵ کۆمەڵێک کێشە و گرفتی لەم چەشنه بەرەوڕوویە.

هەواڵدەریی "ئیرنا"ی ڕێژیم لە سەردێڕی ئەم وێنانەدا ئاماژەی بە خیابانی سیرووسی شاری سنە کردووە و نووسیویەتی: " ئەمە یەکێک لە پڕ هاتوچۆترین شەقامەکانی ناوەندی شاری سنەیە کە لە لای دووکانەکاندا، خەڵکیش لە ڕۆژانی حەفتەدا لەم شەقامەدا خەریکی کاری دەستفرۆشین و کەلوپەلی دەستی دوو، دەفرۆشن و لەم ڕێگایەوە بژێوی ژیانیان دابین دەکەن.

ئەوەی کە لە وێنەکاندا دەبینرێت، دیمەنێکی زۆر ناشیرین لەم شەقامەیە؛ لەم وێنانەدا زۆرترین ڕێژەی کەسانێک کە ڕێژیم وەکوو دابینکەری بژێوی ژیان ناوی لێ بردوون کەسانێکی بەساڵاچوون کە دەبێت لە ماڵەوە لە پشوویەکی درێژ و بە مووچەیەکی دیاریکراوەوە بژین کە بە پێچەوانەی پێوەرەکانی خۆشبژێوی لە جیهاندایە.

شەقامی سیرووس یەکێک لە کۆنترین شەقامەکانی شاری سنەیە کە ڕێژەیەکی زۆر لە بێکارانی ئەم شارە لەوێ کات بە سەر دەبەن، هەندێکیان بەیانی تاکوو ئێوارە لەوێ ڕادەوەستن تا بەڵکوو وەکوو کرێکار کاریان پێ بسپێردرێت، هەندێکیشیان بە کارگەلێکی بێ داهاتووی وەکوو دەستفرۆشییەوە خەریک دەبن؛ نەبوونی کار و ئاسەوارە دەروونییە بەجێماوەکانی لە سەر خەڵک، بەردەوام سەرەکیترین هۆکاری درووستبوونی ئاژاوە و دەرگیریی فیزیکی لە نێو خەڵکی ئەم شوێنانەدا بووە کە دەرکەوتنی پۆلیس لە یەکێک لە وێنەکانیشدا سەلمێنەری ئەم ڕاستییە تاڵەیە.

مەبەستی ئەم هەواڵدەرییە لە بڵاوکردنەوەی ئەو وێنانە زۆرتر نیشاندانی باری دەروونی تێکچووی ئەم خەڵکەیە و لە هەوڵێکی نوێدا ئەیەوێت ئەوە وەکوو دیاردەیەکی ئاسایی و تایبەت بە کۆمەڵگای کوردستان نیشان بدات.

ڕێژیمی ئێران بەردەوام هەوڵی ناشیرین نیساندانی فەرهەنگ و سێوە ژیانی نەتەوە بندەستەکانی خۆی داوە و بۆ ئەم بەبەستەش لە هیچ هەوڵێک درێغی نەکردووە.