کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دیسان هەڕەشەی بەستنی گەرووی هورمۆز دەکات

11:20 - 28 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: لە درێژەی هەڕەشەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێراندا، پاسدار "محەمەد باقری"، بەرپرسی ناوەندی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران، جارێکی تر هەڕەشەی بەستنی گەرووی "هورمۆز"ـی کردووە.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی جۆزەردان، پاسدار "محەمەد باقری"، بەرپرسی ناوەندی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران، لە وتارێکدا، وەکوو سیاسەتی هەمیشەیی ئەو ڕێژیمە، حاشای لە سەرجەم کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم و بەتایبەتی کردەوە تێرۆریستییەکەی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی جۆزەردان، لە دەریای "عومانـ"ـدا کرد و بە مەبەستی پاساوهێنانەوە بۆ کردەوە تێرۆریستیییەکانی خۆیان، جارێکی تر هەڕەشەی بەستنی گەرووی "هورمۆز"ـی کرد.

"باقری"، لە بەشێکی قسەکانیدا سەرەڕای جەختکردنەوەی حاشاکانی لەسەر کردەوە تێرۆریستییەکەی ڕۆژی پێنجشەممە، ڕایگەیاندووە: "کۆماری ئیسلامی ئەو هێزە گەورەیەیە کە ئەگەر بیهەوێت و ئیرادەی بەستنی گەرووی هورمۆز بکات، بەو شێوەیە دەبێت کە هیچ بەلەم، پاپۆڕ و نەوتکێشێک ناتوانێت لەوێوە تێپەڕ ببێت."

ئەو بەرپرسەی ڕیژیم لە بەشیکی تری قسەکانیدا، لەسەر کردەوە تێرۆریستییەکەی ڕۆژی پێنجشەممە لە دەریای "عومانـ"ـدا، وتوویەتی: "ئێمە ئەوەندە بوێر هەین کە بەرپرسیاریەتیی کردەوەکانی خۆمان لە ئەستۆ بگرین و سەربەرزانە بە دەنگی بەرز هاوار بکەین ئێمە ئەو کردەوەمان کردووە و ئاکامەکەشی قبووڵ دەکەین".

ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٢٣ی جۆزەردان، دوو نەوتکێش لە دەریای "عومانـ"ـدا کرانە ئامانج و تەقێنرانەوە. دوابەدوای ڕوودانی ئەم تەقینەوانە، حکوومەتی ئامریکا بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک، بەلەمێکی سپای تێرۆریستی پاسدارانی لە کاتی لێکردنەوەی مینێکی نەتەقیو لە یەکێک لە کەشتییە تەقێنراوەکاندا، ڕێژیمی ئێرانی بە تاوانبار زانی و دوابەدواش وڵاتانی بریتانیا، نۆروێژ و چەند وڵاتێکی تر پشتیوانییان لە قسەکانی ئامریکا کرد و ڕێژیمی ئێرانیان تاوانبار کرد.