کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دیسان هەڕەشەی لە وڵاتانی ناوچەکە کرد

12:59 - 9 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران جارێکی دیکە هەڕەشەیان لە وڵاتانی ناوچەکە کردەوە.

لە درێژەی هەڕەشەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، کە تەنیا چەند قسەیەکی بێبنەمان و لە کردار و کردەوەدا هیچیان لە دەست نایە، جارێکی دیکە قامکی تاوانیان بۆ لای وڵاتانی ناوچەکە ڕاکێشایەوە و هەڕەشە لەو وڵاتانە و بەتایبەت عەرەبستانی سعوودی و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی دەکەن.

ڕۆژی یەکشەممە ۸ی خاکەلێوە، لە کۆنفڕانسی نێونەتەوەییی "داهاتووی جیهانی ئیسلام لە ئاسۆی ۱٤۱٤"دا (آیندە جهان اسلام در افق ۱٤۱٤)، کە لە زانکۆی تاراندا بە بەشداریی کۆمەڵێک لە بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ڕێژیم بەڕێوە چوو، جارێکی تر بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران قامکی تاوانیان بۆ لای وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەت عەرەبستان و ئیمارات ڕاکێشاوە و هەڕەشە لەو وڵاتانە دەکەن.

لەم بارەوە و لەو کۆنفڕانسەدا، عەلی لاریجانی، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاندووە: بڕێک لە وڵاتانی ناوچەکە، دەبێت هۆشیار بن و ئاگایان لە خۆیان بێت، چونکە ئێران هەڵسوکەوتی ئەو وڵاتانە لە بەرانبەری ئێران و ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکەدا، لە بیر ناکات و لە بیرمان دەمێنێتەوە.

لاریجانی، لە بەشێکی قسەکانیدا، وێڕای ئەوەی کە وەکوو سیاسەتی هەمیشەییی ڕێژیم، جارێکی تر تۆمەتی لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەت بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی نەتەوەکانی کورد و بەلووچ دایەوە و وڵاتانی ڕۆژاوای و ناوچەکەی بە هاندەرانی ئەو بزووتنەوانە ناو برد و وتوویەتی: "دوژمنانی ئێمە لە ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی وڵاتی ئێران، بڕێک لە گرووپە تێرۆریستەکانیان پڕچەک کردووە و پاڵپشتی ئەو گرووپانە دەکەن، هەتاکوو دزە بکەنە نێو ئێران و گورزی گەورە لەم و لەو بوەشێنن، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەوە کردەوانە بێوڵام نامێنێتەوە".

سەرۆکی مەجلێسی ڕێژیم لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند: ئێران لە چل ساڵی ڕابردوودا دەستی دۆستایەتی بۆ لای عەرەبستانی سعوودی ڕاکێشاوە، بەڵام بڕێک لە بەرپرسانی لاو و خام و نەزانی وڵاتی عەرەبستان کە نازانم بە تەمای چین، لەو باردۆخە تێناگەن و خۆیان داوەتە پاڵ ئامریکا و ڕۆژاواوە بە دژی ئێران و پاڵپشتی لە گەمارۆوەکانی سەر ئێران دەکەن، ئەمەش زەربە لە خۆیان و وڵاتانی ئیسلامی دەدات.

ئەو بەرپرسە ڕێژیم لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە: ئێران هەموو کات درگای وتووێژی بە ڕووی هەموو لایەک کراوەیە، بەڵام هەڵسوکەوتەکانی عەرەبستان و ئیمارات کە پاڵپشتی لە ئامریکا دەکەن، دەبێتە هۆکاری تووڕەیی و نفرەتی جیهانی ئیسلام، ئەمە لە کاتێکدایە کە پاش هاتنی ئامریکاییەکان بۆ وڵاتی عێراق، بەپێی ئامارەکان زیاتر لە یەک میلیۆن عێراقی کوژراون.

سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران سەرچاوەی هەموو ئاڵۆزی و ئاژاوە و شەڕ و کۆمەڵکوژییەکی نێوخۆی ئێران و ناوچەکە و تەنانەت جیهانیشە، بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە بەردەوام تۆمەتی بێبنەما لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان دەدەن و هەڕەشەیان لێ دەکەن، کە تەنیا قسەیەکی بەتاڵ نەبێت، هیچیان لە دەست نایە و بۆ سەرکوتی خەڵکی مەدەنیی بێتاوانی نێوخۆی ئەو وڵاتە لە نامرۆڤانەترین شێوازگەل کەڵک وەر دەگرێت.