کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دەبێت لە سووریە بچێتە دەرەوە

12:26 - 2 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: نوێنەری تایبەتی  ئامریکا لە کاروباری سووریەدا، وتوویەتی: چوونەدەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی سووریەدا، یەکێک لە مەرجەکانی وتووێژ بۆ داهاتووی ئەو وڵاتەیە.

ڕۆژی چوارشەممە، ١ی جۆزەردان، ''جێمزجفری''، نوێنەری تایبەتی ئامریکا لە کاروباری سووریەدا، لە دانشتنێکدا لەژێر ناوی'' ستراتیژی دەوڵەت و تاوتوێکردنی ڕێگاچارەیەک بۆ وڵاتی سووریە'' وتی: ستراتیژیی ئێمە لە خاکی سووریەدا کۆتاییهێنان به شەڕ و ئاڵۆزییەکانە و چوونەدەرەوەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سەرتاسەری خاکی سووریەیە و ئەمە یەکێک لە بناغەکانی ئەم ستراتیژییەیە.

نابراو باسی لەوە کرد: ستراتیژیی ئێمە ئەوەیە کە سەرەتا لە لەنێوبردنی گرووپی تێرۆریستی داعش و گوشارهێنان بۆ چوونەدەرەوەی هەموو هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سەرتاسەری خاکی سووریەدا دڵنیا بین و هەروەها بە ڕێگاچارەیەکی سیاسی لە ڕێگای بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە بگەین.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەسەر ئەو باوەڕەیە، کە بوونی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی سووریەدا ناسەقامگیری و ئاڵۆزییەکان زیاتر دەکات و هەڕەشەیەکە بۆ وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەت ئیسرائیل.

نوێنەری تایبەتی ئامریکا لە کاروباری سووریە، لە درێژەدا باسی لەوە کردووە، کە گرینگترین ئامانجێک کە پەسەندی ئێمە و کۆمەڵگای جیهانی بێت، ئەوەیە کە دەوڵەتێک لە سووریە لە سەرکار بێت کە لە تێرۆر و چەکی کۆمەڵکوژی کەڵک وەر نەگرێت،  بنکە و بارەگا بۆ ڕێژیمی ئێران دابین نەکات و هەروەها لە بەرانبەر خەڵکی خۆیدا وڵامدەر بێت.

ڕێژێمی ئێران به میلیاردها  دۆلاری لە وڵاتی سووریە خەرج کردووە، هەتا دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بپارێزێت و لە ڕێگەی مانەوەی ئەو ڕێژیمە سەرکوتگەرە پەرە بە بیرۆکەی پاوانخوازیی خۆی لە ناوچەکەدا بدات.