کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دەرخەرانی ئاماری ڤایرۆسی کۆرۆنا زیندانی دەکات

18:55 - 7 خاکەلێوه 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی خاکەلێوە، وەزارەتی دەرەوی ئامریکا بە ماڵپەڕی ''واشنتۆن فری بیکین'' ڕاگەیاندووە، ڕێژیمی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ ئاماری توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی درۆ دەڵێت و هەر کەسێکی ناڕازی لەم بارەوە دژایەتی بکات، زیندانیی دەکات.

''مورگان ئۆرتێگاس''، وتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا وتوویەتی: "ڕێژیمی ئێران دەیان کەسی بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ئامار زیندانی کردووە و هەموو نەخۆشخانەکانی لە ئێران ناچار کردووە کە ئاماری درۆ لە تووشبووان و قوربانییانی ئەم نەخۆشییە دەربخەن". 

ڕێژیمی ئێران ئیدعای ئەوە دەکات کە ئاماری تووشبووان ٢٩ هەزار و ٤٠٦ کەسە و ئاماری قوربانییانیش ٢٢٣٤ کەسە. بەڵام ئامریکا و چاوەدێرانی دیکە لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئاماری زیانەکان زۆر زیاترە.

ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی ئاشکرانەبوونی ئاماری ڕاستەقینە، ڕووی لە توندوتیژی کردووە.  

هەروەها، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا وتوویەتی، ڕێژیمێک کە لە خستنەخوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی درۆی کرد و هەتا ئێستا ئاماری ناڕازییانێک کە لە مانگی خەزەڵوەردا کوژراون بڵاو نەکردووتەوە، دڵنیاین لە پێوەندی لەگەڵ تووشبووان و قوربانییانی کۆرۆنا هیچ ڕاستییەک ناڵێت.