کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دەستی بە ساختوساز لە دامەزراوەی "فۆردۆ"دا کردووە

11:43 - 29 سەرماوەز 2720

هەواڵدەریی "ئاسۆشێیتێدپرێس" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە ڕێژیمی ئێران لە دامەزراوە ژێرزەوینییەکانی "فۆردۆ"دا خەریکی چالاکیی نوێیە.

ئەو هەواڵدەرییە ئامریکاییە، ڕێکەوتی ٢٨ی سەرماوەز، ڕایگەیاندووە وێنەگەلێکی ماهوارەیی دەست کەوتووە کە دەریخستووە، ڕێژیمی ئێران لە سایتی ژێرزەوینیی "فۆردۆ"دا و لە سووچی باکووری ڕۆژئاوای ئەو دامەزراوەیەدا خەریکی ساختوسازە و ئاژانسی وزەی ناوکیش لەم دواییانەدا باسی لە چالاکییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ پەرەپێدان بە پیتاندنی ئۆرانیۆم کردبوو.

لە چوارچێوەی ئەو چالاکییەدا کۆڵەکەگەلێک لە پەنای کێوەکەدا دادەندرێت کە لە ڕواڵەتدا بۆ پێشگرتن بە ئەگەری بوومەلەرزەیە.

ئەو سایتە لە بن زەویدایە و تا نێو دڵی کێوەکە چووە تا لە هێرشە ئاسمانییەکاندا زیانی بەر نەکەوێت.

لە حاڵێکدا کە ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت بەرنامە و ئامانجەکانی خۆی هیچ شتێک بڵاو ناکاتەوە، ئەمە دەتوانێت بە واتای بەربڵاویی زیاتری چالاکییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران لەو دامەزراوەیەدا بێت.

چالاکییەکانی ڕێژیمی ئێران لە سایتی "فۆردۆ"دا ساڵی ٢٠٠٩ی زایینی دەرکەوت و ئەوەش نیگەرانییەکانی کۆمەڵگای جیهانیی بەنیسبەت چالاکییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە پەرە پێ دا.

ئێستاکە لە دوایین حەوتووەکانی سەرکۆماریی "دانڵد ترامپـ"ـدا لە کۆشکی سپی، ناکۆکییەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و ئامریکا زیاتر بووەتەوە و ئەو هەواڵەش دەتوانێت دۆخەکە زیاتر لە جاران ئاڵۆز بکات.

تا ئێستا کاربەدەستانی فەرمیی ڕێژیمی ئێران و بەرپرسانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، کە چاوەدێرەکانی ئەو ئاژانسە چاوەدێری بەسەر چالاکییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێراندا دەکەن، لەم بارەوە هیچ شتێکیان بڵاو نەکردووەتەوە.