کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دەستێوەردانەکانی لە عێراق درێژە پێدەدات

12:15 - 13 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: فەرماندەی لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بەمەبەستی دەستێوەردان لە هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق، سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسە، پاسداری تێرۆریست، ''قاسم سلێمانی''، فەرماندەی لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران، بۆ دەستێوەردان و ئاراستەدانی حیزبە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق، سەردانی بەغدای کردووە.

''محەممەد کەوسەرانی'' نوێنەری گرووپی تێرۆریستی حیزبوڵڵا لە عێراق یەکێک لە هاوڕێیانی قاسم سلێمانی بۆ ڕاکیشانی حیزبە سیاسییەکانی عێراق بە تایبەت شیعەکان بۆ پشتیوانی لە بەربژێرانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بووە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە هەوڵدایە بە دەستێوەردان لە هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراقدا، بەربژێری دەستنیشانکراوی خۆی بە دەسەڵات بگەیێنێت هەتا درێژە بە هەوڵە تێکدەرانەکانی خۆی لە ناوچەکەدا بدات.

دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کاروباری عێراق، ڕق و کینەی خەڵکی عێراقی لێکەوتەوە و خەڵکی ناڕازی عێراق بە سوتاندنی کوونسولخانەی ڕێژیمی ئێران لە شاری نەجەف و دانی دروشم دژی ڕێژیمی ئێران بێزاریی خۆیان لە دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمە دەربڕی.