کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دەیهەوێت بەلووچستان دابەش بکات

16:38 - 19 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە نوێترین پیلانی خۆیاندا دژی نەتەوەکانی ئێران، دەیانهەوێت کە پارێزگای سیستان و بەلووچستان دابەش بکەن.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و کاربەدەستەکانی ئەو ڕێژیمە لە نوێترین پیلانی خۆیاندا بۆ دابەشکردنی خاکی نەتەوەکانی ئێران و سیاسەتی گۆڕینی دێمۆگرافیای نەتەوەکانی ئێران، هەوڵ دەدەن بە بیانووی گەشەسەندن و پەردەپێدانی ئابووری، خاکی نەتەوەکانی ئێران دابەش بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە بڵاو کراوەتەوە، ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، "حەسەن ڕۆحانی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە بیانووی گەشەی ئابووریی پارێزگای سیستان و بەلووچستان داوای کردووە کە ئەو پارێزگایە دابەش بکات.

ئەو نامەیەی ڕۆحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدایە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە سیاسەتی ناوەندگەرایی و ئابووریی ناوەندگەرایی، پارێزگای سیستان و بەلوچستانی پەراوێز خستووە و خەڵکی ئەو پارێزگایە ساڵانێکە لە دۆخێکی دژواری ئابووریدا دەژین و کەمترین ئیمکاناتی خۆشبژیوی بۆ ئەو پارێزگایە دابین نەکراوە.

چاودێرانی سیاسی باسیان لەوە کردووە که دابەشکردنی پارێزگای سیستان و بەلووچستان بۆ دوو پارێزگا تەنیا یەک ئامانجی هەیە، ئەویش لەتکردنی ناسنامەی بەلووچە. ئەم هەوڵەی ڕێژیمیش دڕێژەی هەمان سیاسەتی ڕێژیمی پەهلەوی بۆ دابەشکردنی جوغرافیای نەتەوەکانی ئێرانە.

هاوکات باسکردن لە پەرەپێدانی ئابووری لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە حاڵێکدایە کە هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران ڕۆژانە به بیانووی کاری قاچاخ، هاووڵاتییانی بەلووچ دەدەنە بەر دەسڕێژی گولـلە.

ماوەیەک پێش "خوسرەو کوردپوور" باسی لەوە کرد کە ناوەندەگەرایی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە تاران و باقی شارە فارسنشینەکان تەنیا لە بواری دارایی و ساماندا کورت نابێتەوە بەڵکوو بیر و مێشکی ئەو کاربەدەستانەشی گرتووەتەوە.

بەرپرسی  ئاژانسی هەواڵی "موکریان" باسی لەوەش کردبوو، میدیاکانی نێوخۆیی ئێران و هاوبیرانی ئەو دەسەڵاتە لە دەروەی وڵات مێشکیان لە ئاستی ناوەندەگەراییدا ماوەتەوە و چاو لە هەموو شتێک دادەخەن و حاشای لێ دەکەن.