کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دەیهەوێت دەست بەسەر پارەی خەڵک لە بانکەکاندا بگرێت

12:18 - 10 جۆزەردان 2720

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ قەرەبووکردنەوەی بودجە و دابینکردنی پارە بۆ وەگەڕخستنی ئابووریی خۆی هەموو هەوڵێک دەدات.

"غوڵامڕەزا مسباحیی موقەدەم"، ئەندامی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان و قەرەبووکردنەوەی کەمیی بودجه، پارەی خەڵک لە بانکەکان وەک قەرز وەربگرن.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، لەو پارەیە بۆ جێبەجێکردنی گەڵاڵەکانی ئاوەدانکردنەوە وەک ئوتووبانی تاران ـ شوماڵ، کەڵک وەردەگرن.

سەرۆکی کومیسیۆنی ئابووریی مەجلسیی دەیەم لە نامەیەکدا داوای لە مەجلیسی یازدەیەمی ڕێژیمی ئێران کردووە، ٣٠ هەتا ٤٠ میلیارد تمەن بەرگەی قەرزی نوێ بخرێتە بازاڕەوە.

لە قسەکانی "مسباحیی موقەدەم" وا دەردەکەوێت کە بودجەی ساڵی ٩٩ زیاتر لە ٨٠ لەسەد کەمیی هەیە.

ڕێژیمی ئێران بەراوردی کردووە، نزیک بە ٣٠ میلیارد دۆلار پارە و زێڕ لەلای خەڵک هەیە و دەیهەوێت بە ڕێگایەکی بەناو یاسایی ئەو پارەیە لە دەستی خەڵک دەربێنێت.

کارناسانی ئابووری باس لەوە دەکەن، هەڵاوسان لە ئەمساڵدا لانیکەم ٣٥ هەتا ٤٠ لەسەد دەبێت و "حەسەن ڕووحانی" باس لەوە دەکات کە گەشەی ئابووریی وڵات بەرز بووەتەوە.

هاوکات کارناسانی ئابووری باسیان لەوە کردووە، کەسریی بودجە دەبێتە هۆی ئەوەیکە دەسەڵات دراو چاپ بکات و ئەوەش خۆی دەبێتە هۆی هەڵاوسان و گرانی لە بازاڕدا.

وڵاتی ئێران پلەی پێنجەمی هەڵاوسانی ئابووریی لە جیهاندا هەیە و بەرپرسانی ڕێژیم، جیا لەوەی کە هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی نادەن، بەڵکوو حاشا لە ئامارەکانیشی دەکەن.

پسپۆڕانی ئابووری جەختیان کردووەتەوە، ئابووریی ئێران ئابوورییەکی کۆنترۆڵ نەکراوەیە.