کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دەیهەوێت کە بەرپرسانی عێراقی خۆپیشاندەران سەرکوت بکات

12:33 - 7 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە بەیانییەیەکدا بەفەرمی داوای لە عێراق کردووە کە  بەتوندی خۆپیشاندەران سەركوت بكات.

دوای ئاگرتێبەردانی كۆنسولگەریی ڕێژیمی ئێران لە نەجەف، وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم بەفەرمی داوای لە حكوومەتی عێراق كرد کە خۆپیشاندانەكان بەتوندی سەركوت بكات.

 مەبەستی ڕێژیمی ئێران لەم داواكارییە ئەوەیە، وەک چۆن لە ئێران بە كوشتنی خەڵک خۆپیشاندانەكەی سەرکوت کرد، عێراقیش هەمان سیاسەت بگرێتە بەر.

"عەباس مووسەوی"، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم وێڕای دەربڕینی دڵگرانیی خۆی بۆ ئاگرتێبەردانی نوێنەرایەتییەكەیان لە نەجەف، داوای لە حكوومەتی عێراق كردووە بەرانبەر بە خۆپیشاندەران، بەتایبەت ئەوانەی هۆكارن لە ئاگرتێبەردانی كونسولگەكە، شل نەبن و بەتوندی سەركوتیان بكەن.

بەیاننامەی ئەمجارەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەكانی پێشووی زۆر جیاوازە. ئێران بە ئاشكرا دژایەتیی خۆی بۆ خۆپیشاندانەكان دەردەبڕێت و تەنانەت داوا لە حكوومەتی عێراق دەكات کە سەركوتیان بكات.

ئێران لەدوای دروستبوونی داعش، حەشدی شەعبیی دامەزراند و جگە لە هەژموونیی ئابووری و سیاسی، هەژموونیی سەربازی و تەناهیی خۆشی بەسەر عێراقدا سەپاند.