کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دەیەوێت هێرش بکاتە سەر ئامریکا

18:01 - 17 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: میدیا جیهانییەکان باس لەوە دەکەن، کە ڕێژیمی ئێران به تەمایە هێرش بکاتە سەر هێزەکانی ئامریکا.

ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی بانەمەر، ڕۆژنامەی وال ستریت ژورناڵ نووسیویەتی: ڕێژیمی ئێران دەیەوێت لەگەڵ گرووپە میلیشیا چەکدارەکانی خۆی لە ناوچەکەدا، هێزەکانی ئامریکا لە عێراق، سووریە و بابولمەندەبدا بکاتە ئامانج و بۆ ئەم مەبەسته پلانی هێرشی داڕشتووە.

ئەو ڕۆژنامەیە باسی لەوە کردووە، ئامریکا زانیاریگەلێکی بە دەست هێناوە، کە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە ناوچەی کەنداودا لە هەوڵی هێرشکردن بۆ سەر هێزەکانی ئامریکایە.

هەر لەو پەیوەندییەدا ''جان کێنێدی''، سێناتۆری کۆماریخوازی ئامریکا، پشتیوانیی خۆی لە هەمبەر زۆرترین گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران دەربڕی.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کرد، ڕێژیمی ئێران لە جیهاندا وەکوو گرێیەکی شێرپەنجەی لێ هاتووە و لە هەر هەوڵێکی ژیرانەی دەوڵەتی ترامپ بۆ پێشگرتن لە هەوڵە تێکدەرەکانی ڕێژیمی ئێران پشتیوانی دەربڕی.

جان کێنیدی، لە وڵامی پرسیارێک سەبارەت به ئەگەری هەوڵی نیزامی دەوڵەتی ترامپ دژی ڕێژیمی ئێران بەبێ پەسەندکردنی کۆنگرەی ئامریکا وتی: دانڵد ترامپ پێش ئەوەی کە هەنگاوێک هەڵگرێت ڕای کۆنگرە لە بەرچاو دەگرێت.