کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ساڵانە ۷۰۰ میلیۆن دۆلار دەداتە حیزبوڵڵای لوبنان

11:18 - 4 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران جیا لە کەرەستە و کەلوپەلی سەربازی، ساڵانە ۷۰۰ میلیۆن دۆلار لە پارەی خەڵکی ئێران دەداتە حیزبوڵڵای لوبنان.

ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئیسلامیی ئێران، جیا لە پاڵپشتیی سیاسی، ڕەوانەکردنی هەموو جۆرە چەک و تەقەمەنییەک و کەرەستە و کەلوپەلە سەربازییەکان بۆ گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان، ساڵانە زیاتر لە ۷۰۰ میلیۆن دۆلار لە داراییی وڵاتی ئێران و پاشکەوتی داهاتەکانی خەڵکی هەژاری ئەو وڵاتە، بەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە دەدات.

لەم بارەوە، بەرپرسانی وەزارەتی کاروباری درەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، وێڕای ئاماژەکردن بە پاڵپشتییە سیاسی و سەربازیی و دارایییەکانی ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران لە حیزبوڵڵای لوبنان، ڕایانگەیاندووە: ئامریکا گوشارەکانی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران زیاتر پەرە پێ دەدات، هەتا کۆتایی بە پاڵپشتیکردنی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ناوچەکە بهێنێت.

لەم پەیوەندییەدا، مایک پۆمپێئۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕایگەیاند: سەرەڕای بارودۆخی ئاڵۆزی ئابووری و بارودۆخی زۆر خراپی بژیوی ژیانی خەڵک لە وڵاتی ئێران، ڕێژیمی ئاخوندی بەسەر ئێراندا ساڵانە ۷۰۰ میلیۆن دۆلار بە حیزبوڵڵای لوبنان دەدات، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا گوشارەکانی خۆی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران تا کۆتاییهێنان و وشککردنی سەرچاوەی داراییی حیزبوڵڵای لوبنان درێژە پێ دەدات.

هەروەها برایان هووک، نوێنەری تایبەتی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ کاروباری ئێران، ڕۆژی هەینی ۲ی خاکەلێوە، لە وتووێژێکدا وێڕای ئاماژەکردن بە هەموو پاڵپشتییەکانی ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئیسلامیی ئێران لە گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان، ڕایگەیاندووە: مووچەی مانگانەی میلیشیایەکی چەکداری حیزبوڵڵای لوبنان لە مووچەی مانگانەی فەرمانبەرێکی ئاگرکوژێنەوە لە ئێراندا زیاترە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کردووە، کە ڕێژیمی ئێران ساڵانە ۷۰۰ میلیۆن دۆلار بوودجەی دەداتە حیزبوڵڵای لوبنان و گەڕاندنەوە گەمارۆوەکان، پێشی بەو پاڵپشتییە دارایییە گرتووە و نیشانەی گوشارەکان لەسەر حیزبوڵڵا دەبینین و دەزانین کە ڕێبەری حیزبوڵڵای لوبنان داوای لە خەڵکی ئەو وڵاتە کردووە کە خێراتیان پێ بکەن، ئەو کارانە کاریگەریی گوشارەکانی ئامریکان و ئێمەش ئامانجمان ئەوەیە.