کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران سفرەی خۆی بە گیرفانی بەتاڵی بنەماڵەی قوتابییەکان پڕ دەکاتەوە

18:36 - 17 خەرمانان 2720

ڕێژیمی ئێران لە سەرەتای ساڵی خوێندندا پارەیەکی زۆری لە بنەماڵەی قوتابییان ستاندووە و دەستی بۆ لای خەڵکی هەژار درێژ کردووەتەوە و لەو ڕێگەیەوە دەیهەوێت قەیرانی ئابووریی خۆی بۆ ماوەیەکی کاتی چارەسەر بکات.

وەزیری پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، پێویست ناکات قوتابییان لە قوتابخانەکاندا حوزووریان هەبێت؛ بەڵام پێشتر بەبۆنەی بوونی قوتابییان لە قوتابخانەکاندا پارەیەکی زۆریان لە بنەماڵەی قوتابییان ستاندبوو.

 هەروەها بە بیانووی چاوەدێریی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم بەسەر قوتابییانەوە، ٣١ لەسەد پارەی مانگانەی باخچەی ساوایانیان گران کردووە.

بڕی پارەی مانگانەی هەر قوتابییەکی باخچەی ساوایان، ١١٦ هەزار هەتا ٣٨٦ هەزار تمەنە و لە ئەگەری خواردنی نانی نیوەڕۆ لە قوتابخانەکاندا دەبێ بنەماڵەکان بڕی ٥٠ هەزار تمەنی دیکەش بدەن.

هەر لەو پەیوەندییەدا لە چەند شاری دیکەی کوردستان و ئێران بەڕێوەبەری قوتابخانەکان بە ناردنی کورتە پەیام بۆ بنەماڵەی قوتابییان داوای هاوکاریی زیاتری ماڵییان کردووە و دەیانهەوێت نەدانی بودجە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە لە ڕێگەی قوتابییانەوە قەرەبوو بکەنەوە.