کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران سنووردارکردنی ئینتێرنێت لە نانی شەو بە پێویستتر دەزانێت

09:59 - 17 سەرماوەز 2721

''محەممەد باقر قاڵیباف'' سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: ''دامەزراندنی تۆڕی میللیی زانیاری لە ئێران لە نانی شەو پێویستترە''.

ناوبراو ژێرخانەکانی تۆڕی میللیی زانیاریی بە یەکێک لە گرینگترین بابەتەکانی ئێران زانیوە و باسی لەوەش کردووە کە وەزیری پەیوەندییەکان بەڵێنیی داوە کە ئەو کارە بەئەنجام بگەیەنێت.

قاڵیباف لە دانیشتنی ڕۆژی سێشەممەی مەجلیسی ڕێژیم، یەکێک لە دەردە بێ دەرمانەکانی ئێرانی لە بواری دیجیتاڵەوە بۆ پرۆژە ناتەواوەکانی گەڕاندووەتەوە و داوای کردووە کە پرۆژە دیجیتاڵییەکان بەئەنجام بگەیەنن.

سەرۆکی مەجلیس لە حاڵێکدا ئەو پرۆژەیە لە نانی شەو بە پێویستتر دەزانێت کە لە ئێران، کۆرۆنا ڕۆژانە گیانی سەدان کەس دەستێنێت، پچڕانی ئاو و بەرق لە ئێران هەروا بەردەوامە، تینویەتی و بێ ئاوی  و دەردی خەڵک لە شارەکانی ئێران و کوردستان هەر لە جێگای خۆیەتی، بوغز و قین و لێکهەڵوەشانی کۆمەڵگە گەیشتووەتە قۆناغێکی دژوار و دۆخی ژینگەی ئێران لەوپەڕی قەیراندایە.

کێشەی بژێویی ژیان تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە و زۆربەی خەڵک تەنانەت لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان دۆش داماون، بەڵام لە ڕوانگەی سەرۆکی مەجلیس گەڵاڵەی ''دامەزراندنی تۆڕی میللیی زانیاری'' لە پێش پاراستنی گیانی خەڵکدایە.