کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران سنووری پیتاندنی ئۆرانیۆمی لە ٤.٥ لەسەد تێپەڕاند

18:52 - 17 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ڕایانگەیاند، کە پیتاندنی ئۆرانیۆمیان لە سنووری ٤.٥ لەسەد تێپەڕاندووە و لە داهاتووشدا پلانیان هەیە بیگەیێننە ٢٠ لەسەد.

ڕۆژی دووشەممە، ١٧ی پووشپەڕ، “بێهرووز کەماڵوەندی”، وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ناوکی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند: "کە ئەمڕۆ بەیانی،  پیتاندنی ئۆرانیۆممان لە سنووری ٤.٥ لەسەد تێپەڕاندووە".

هەروەها ئەم بەرپرسەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە، کە بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم بۆ ئاستی ٢٠ لەسەدی لە دانیشتنەکانی شۆرای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیمدا باسی لێکراوە و بەرنامەیان هەیە لە داهاتوودا بەو ئاستەی بگەیێنن.

ناوبراو لەم بارەوە بە یەکێک لە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمی ڕاگەیاندبوو، کە ڕێژیمی ئێران لە توانایدا هەیە، لە ئێستادا ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم بگەیێنێتە ٢٠ لەسەد، بەڵام جارێک هیچ نیازێکی وای نییە و بە پێویستی نازانن.

هەر لەم ڕاستایەدا، ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی پووشپەڕ، بەرپرسانی ڕێژیم باسیان لە بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم کردبوو، کە کاردانەوەی توندی "مایک پۆمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ئامریکای لێ کەوتبووەوە و لە توییتێکدا نووسیبووی: "گەشەی ئەم دواییانەی ڕێژیمی ئێران لە بواری بەرنامە ناوکییەکەیدا، گوشار و گەمارۆی زیاتری ئامریکای بەدواوە دەبێت".