کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران سەدان فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی خۆی بۆ ڕووسیە دەنێرێت

11:54 - 21 پووشپەڕ 2722

 ڕووسیە داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە سەدان فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی خۆی بۆ ئەو وڵاتە بنێرێت تا لە شەڕی "ئۆکراینـ"ـدا کەڵکیان لێ وەربگیرێت.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی "جەک سالیوان" ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەو بارەوە ڕایگەیاند تا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە کە ڕێژیمی ئێران هیچ فڕۆکەیەکی ڕەوانەی ڕووسیە کردووە یان نا بەڵام ئامریکا هەندێک زانیاری لەسەر ئەوە بەدەست هێناوە کە نیشان دەدا ڕێژیمی ئێران خەریکی فێرکردنی هێزەکانی ڕووسیە بۆ بەکارهێنانی ئەو فڕۆکانەیە.

ئەو بەرپرسەی ئامریکا وتوویەتی ڕێژیمی ئێران لە هەوڵی ئەوەدایە کە سەدان فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی خۆی لە ماوەیەکی دیاریکراودا ڕادەستی ڕووسیە بکات.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە کە ڕووسیە لە ماوەی ڕابردوودا لە شەڕی ئۆکراین زۆربەی چەکوچۆڵی خۆی بەکارهێناوە و لە ئێستا لەگەڵ کێشەی کەمیی چەکوچۆڵ و ئیمکاناتی نیزامی بەرەوڕوویە. 

ڕێژیمی ئێران پێشتریش چەندین جار بە دەیان فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی بۆ چەکدارانی حووسیی یەمەن ناردووە کە دژی عەرەبستان کەڵکیان لێ وەرگیراوە.