کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران سەفەرە زیارەتییەکانی بۆ عێراق هەڵوەشاندەوە

11:26 - 18 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: لە درێژەی ئاڵۆزییەکانی عێراق و کوژرانی خۆپێشاندەران لەو وڵاتەدا،  ڕێکخراوی "حەج و زیارەت"ـی ڕێژیمی ئێران سەرجەم سەفەرەکانی زیارەتکەران بۆ عێراقی هەڵوەشاندووەتەوە و بە فەرمی بڵاوی کردووەتەوە کە هیچکەس بۆ زیارەت سەفەری عێراق نەکات.

دوای تێپەڕینی سێ مانگ بە سەر خۆپیشاندانەکانی عێراقدا، خۆپێشاندەران لە سەر داواکانیان بۆ ڕووخانی حکوومەتی عێراق سوورن.

یەکێک لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەران ئەوەیە کە ڕێژیمی ئێران دەستێوەردان لەو وڵاتەدا نەکات.

ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای گرووپەکانی سەر بە خۆیەوە، هەوڵی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران دەدات و هەتا ئێستا چەندین کەس لە خۆپیشاندەران بەهۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی سەر بەو ڕێژیمە کوژراون.

ڕێژیمی ئێران لە بۆنە ئایینییەکانی وەک: "موحەڕەم و سەفەر"دا هێزە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی خۆی بۆ سەرکوتی خۆپیشاندەران لەژێر ناوی زیارەتکەران ڕەوانەی عێراق کرد.

بەرپرسانی حکوومەتی عێراق بەنیسبەت ڕەوانەکردنی هێزی ئەمنییەتی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ سەرکوتی خۆپیشاندەران ناڕەزایەتییان دەربڕی.

خۆپیشاندانەکان لە عێراق درێژەی هەیە و خەڵک داوای ڕووخانی حکوومەت دەکەن.