کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ١٢٧ شوێنی ئایینی بە ناوی ناوچەی سپی دەکاتەوە

12:34 - 8 بانەمەڕ 2720

لە کاتێکدا کە پاش کرانەوەی بازاڕ و کەمبوونەوەی قەدەغەی هاتوچۆ کە بوو بەهۆی زۆربوونەوەی ئاماری تووشبووان و قوربانییانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە ئێستاشدا کرانەوەی شوێنە ئایینییەکان لە ئێران بۆ مانگی ڕەمەزان، مەترسییەکی گەورەترە.

"حەسەن ڕووحانی"، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بانەمەڕ، بەپێی ئاماری تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتدا، باسی لە دابەشکارییەکی نوێ کردووە کە دابەش دەبێت بە ناوچەگەلی "سپی"، "زەرد" و "سوور".

ناوبراو وتوویەتی، لەو پلانە نوێیەدا بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم کە ڕۆژانە ڕادەگەیەندرێت، ئەو ناوچانەی کە لە ماوەی یەک حەوتوودا ئامارێک لە تووشبووان و قوربانییانی کۆرۆنا تۆمار نەکرابێت، ئاماری چاکبووەکان زۆر بووبێتەوە و ئەم ڕەوتە لە حەوتووی دووەمیشدا درێژەی ببێت، وەزارەتی تەندروستی ئەو ناوچە بە ناوچەی "سپی" ڕادەگەیەنێت.

ڕووحانی وتوویەتی کە لە ناوچە سپییەکاندا، مزگەوت و شوێنە ئایینییەکان دەکرێنەوە و نوێژی هەینیش بەپێی ڕێوشوێنە تەندروستییەکان بەڕێوە دەچێت.

سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران هەروەها ڕایگەیاندووە کە وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، ١٢٧ ناوچەی "سپیـ"ـی ڕاگەیاندووە و لە ڕۆژانی داهاتوودا بە شێوەی فەرمی ڕادەگەیەندرێت.

ئەم کارە بە مەبەستی کرانەوەی شوێنە ئایینییەکان لە نیوەی مانگی بانەمەڕ یان ڕەمەزانەوە ئەنجام دەدرێت کە لێکەوتەی مەترسیداری بەدواوە دەبێت.

دابەشکاریی ناوچەکان بەپێی ئاماری تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە حاڵێکدایە کە ڕێژیم ئامارێکی ڕاستەقینە سەبارەت بە ڕێژەی تووشبووان بەو پەتایە بڵاو ناکاتەوە و ئامارەکان زۆر زیاتر لەوەیە کە ڕێژیم باسی لێوە دەکات.

ئەو کارەی ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت کرانەوەی مزگەوت و شوێنە ئایینییەکان، خەڵکی ئێران و کوردستان لەگەڵ هەڕەشەی مەرگ بەرەوڕوو دەکاتەوە.