کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران، شەڕی نیابەتیی خۆی دەست پێ کردووە

12:46 - 25 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران بە کەڵکوەرگرتن لە گرووپە میلیشیاکانی لە ناوچەکەدا، هێرشی کردووەتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستان.

"حووسیـ"ـیەکانی یەمەن، کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، بەرپرسایەتیی هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستانیان لە ئەستۆ گرت.

"محەمەد عەبدولسەلام"، وتەبێژی حووسییەکانی یەمەن، ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی بانەمەڕ، بە کاناڵی "ئەلمنار"ی ڕاگەیاند: کە ئەم هێرشە بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستان وڵامێک بووە بۆ کوشتارە بەکۆمەڵەکانی عەرەبستان لە یەمەندا.

لە ڕاستیدا ئامانجی ئەم هێرشە، کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوە، لە ڕاستای بەرژەوەندییەکانی ئێراندا بووە. چونکە لە ئێستادا عەرەبستان بۆ جێگرتنەوەی نەوتی ئێران، زۆرتر لە هەمیشە نەوت هەناردە دەکات و ڕێژیمی ئێران دەیەوێت لە پێش ئەم کارە کۆسپ دروست بکات.

ئەم هێرشە دوو ڕۆژ دوای ئەنجامی "چالاکیی تێکدەرانە"ی تر دژ بە چوار کەشتیی بازرگانیی لە ئاوەکانی بەندەری "فەجیرە" لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیدا ڕووی دا و بەڵگەکان دەری دەخەن کە دەستی ڕێژیمی ئێرانی تێدا بووە.

وتەبێژی حووسییەکانی یەمەن، لە حاڵێکدا دانی بە هێرشی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستاندا نا، کە پێش لەوە کاربەدەستانی باڵای ئامریکا هۆشدارییان دابوو، کە دژی هەر جۆرە چالاکییەکی ڕێژیمی ئێران و گرووپە میلیشیاییەکانی، کاردانەوەی توندی دەبێت.