کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران فۆرمی ناونووسی بۆ شەڕی بڵاو کردەوە

17:28 - 15 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە شێوەی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق فۆرمی ناونووسی بۆ شەڕی بڵاو کردەوە.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دوای کوژرانی تێرۆریست "قاسم سلێمانی"  هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە ئامریکا دەکەن لە ئێستادا فۆرمی ناونووسییان لە ناو خەڵکدا بڵاو کردووەتەوە.

ئەو فۆرمە لەژێر ناوی "ئەسحابی ئاخر زەمانیی سەیەدولشوهەدا" (اصحاب آخرالزمانی سیدالشهدا) بڵاو کراوەتەوە و داوا لە خەڵک کراوە کە ناونووسی بکەن.

هاوکات بەپێی زانیارییەکانی کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە: "ڕێژیمی ئێران  لە تەواوی زانکۆکانی ئێران سبەی و دووسبەی بە شێوەیەکی نافەرمی پشوو ڕاگەیەندراوە. تەنانەت تاقیکارییەکان لەو دوو ڕۆژەدا وەدوا خراوە".

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند: "ڕێژیمی ئێران تەنیا لایەنگرانی خۆی لەگەڵە بەڵام بۆ ئەوەیکە وا پیشان بدات کە هەموو خەڵک لایەنگری ئەو دەسەڵاتەیە خەڵک بە زۆرەملێ ڕادەکێشێت و ئەوە تەنیا سناریۆی خۆیانە".

لە شاری شنۆ سپای تێرۆریستی پاسداران بڕیارە لە مزگەوتی "بلالی حەبەشە" بۆ تێرۆریست قاسم سلێمانی تازیە بەڕێوە ببات.

لەو پێوەندییەدا، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران داوایان لە شۆراکان کردووە ئەگەر بەشدار نەبن سزا دەدرێن.

ڕێژیمی ئێران لە سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەشدا لە ڕێگای کلیدی بەهەشت خەڵکی بۆ شەڕی ئێران و عێراق ڕەوانەی بەرەکانی شەڕ دەکرد.