کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران "فیلتێرشکێنی" تایبەت بە خۆی دروست دەکات

12:53 - 21 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە هەوڵێکی نوێدا بۆ کۆنترۆڵکردنی تۆڕی ئینتێرنێت، دەیەوێت "VPN"ی تایبەت بخاتە بەر دەستی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە.

"ئەبولحەسەن فیرووزئابادی"، سەرۆکی شۆرای باڵای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران باسی لەوە کردووە، ڕێژیمی ئێران ئۆپراتۆری "VPN" به شێوەی فەرمی دادەمەزرێنێت.

 دامەزراندنی ئەو ئۆپراتۆرانە بە هاوکاریی دادستان و وەزارەتی پێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران جێبەجێ دەبێت.

جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە بۆ ئەوەیە کە ڕێژیمی ئێران بتوانێت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کۆنترۆڵ بکات.

کارناسێکی سایبێری باسی لەوە کردووە، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ ئەوە "VPN"ی تایبەت دادەمەزرێنێت هەتا بتوانێت بە شێوەیەکی چڕوپڕ دنیای مەجازی کۆنترۆڵ بکات.

ئەو کارناسە باسی لەوەش کرد، ڕێژیم لە دانانی ئەو پرۆژەیە دوو قازانج دەکات، یەکەم پارەیەکی زۆر بەدەست دێنێت، دووهەم ئەوەیکە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕاستەوخۆ دەکەونە ژێر کۆنترۆڵی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە".

لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا کۆمپانیای "گووگڵ"، چەندین ئەپی سەر بە ڕێژیمی ئێران، وەک "تێلێگرامی تەڵایی و هاتگرامـ"ـی سڕیوەتەوە.

ڕێژیم ترسێکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەیە و بە دوژمنێکی سەرسەخت بۆ سیاسەتەکانی خۆی دەزانێت.